شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" وەرچەرخانێک لە هۆشیاری ژنانی بەلووچدا
سەفیە مەنزوور، جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەی بەلووچ، جەختی لەوە کردەوە، کە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" خاڵی وەرچەرخانێکی لە هۆشیاری ژناندا بەدیکرد و بەشداری کرد لە بونیادنانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئازادی و کەرامەت.

ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژینا ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ئێران، کە وایە بەهۆی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی ناچارییەوەیە، خاڵی وەرچەرخانێکی بە تایبەت بۆ ژنان بەدی هێنا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بە ئیلهام وەرگرتن لە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"، کە لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبووەوە و چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات پشتیوانییەکی بەرچاوی بەدەستهێنا.
لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، ژنانی بەلووچ لە ڕیزی ئەو گروپانە بوون کە زۆرترین ئامانجیان لێ گیرا، ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی توندی مافەکانیان بووەوە، لە شەقامەکاندا لێیان دەدرا و دەگیران و زیندانی دەکران و ئەشکەنجە دەدران و دەکوژران، سەرەڕای ئەم سەرکوتکردنە دڕندانەیە، پاشەکشەیان نەکرد لە ئاڵەنگاری عەقڵیەتی پیاوسالاری باوی دەوڵەتی نەتەوە، بەردەوام بوون لە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئازادی و داوای ژیانێکی ئازاد و ژنان.
لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، سەفیە مەنزوور، جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەی بەلووچ، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ ئەو ڕووداوانەی پێشکەش کرد کە ڕوویانداوە، جەختی لە گرنگی خەباتی ئەمڕۆی ژنان و ڕۆڵی سەرەکییەکەی لە بونیادنانی داهاتوویەکی دوور لە ستەم و هەڵاواردن کردەوە.
"دەربڕینێکی دڕندانەی کۆنترۆڵی پیاوسالاری"
سەفیە مەنزوور کوشتنی ژینا ئەمینی بە "دەربڕینێکی دڕندانە بۆ کۆنتڕۆڵی پیاوسالاری بەسەر جەستەی ژنان" پێناسە کرد، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم تاوانە سەرەتای شۆڕشێکی مێژووی بوو، جەختی لە گرنگی گەیاندنی دەنگی ژنانی بەلووچ لە دەرەوەی سنوورەکان کردەوە، خواستی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی خەباتەکەیان تەنانەت لە دوورترین گۆشەکانی جیهانیشدا بناسرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە وەک چالاکوانێکی بەلووچ ئەم خەباتە وەک دەنگێکی هاوبەش بۆ هەموو ئەو ژنانەی بە ڕژێمی هاوشێوەدا دەژین دەبینم، لە بەلوچستان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەوڵەتی و سانسۆری ئایینی و فشاری کۆمەڵایەتی دەبینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هاواری "ژن، ژیان، ئازادی" سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، ئەوەش تەنها بۆ ژنانی ئێران نییە؛ دروشمێکە بۆ هەموو ژنێک کە لە پێناوی کەرامەتی خۆیدا خەبات دەکات.
"ئێمە توانای ئەوەمان هەیە کە بریکاری چالاک بین"
سەفیە مەنزوور جەختی لەوە کردەوە، کە "ژن، ژیان، ئازادی" زیاترە لە دروشمێک، بووەتە ناسنامەیەکی سیاسی و کولتووری، دەسەڵاتەکەی لە تێکەڵکردنی هیوا و بەرخۆدانیدایە، بۆ ژنانی بەلوچستان ئەمە واتای ئەوەیە کە دەتوانین خۆمان نەک تەنها وەک قوربانی، بەڵکو وەک بریکارە چالاکەکان ببینین.
ڕوونیشیکردەوە، کە بزووتنەوەکانی ژنانی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا بۆ ئێمە نموونەن، ئەوان نیشانیان داوە کە ژنان نەک تەنها دەتوانن پاڵپشتی شۆڕشەکان بکەن، بەڵکو پێشەنگایەتیان بکەن، ئەم هۆشیارییە گۆڕانکارییەکی بەردەوام لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا دەهێنێتە ئاراوە، هەروەها ژنان بوونەتە پێشەنگ لە بەرخۆدان.
سەفیە مەنزوور جەختی لەوە کردەوە، کە پەیامی شۆڕشەکە ڕوون و بەهێز بوو، هەروەها ژنان ناسنامە و دەنگی خۆیان وەرگرتەوە و ئەمەش بۆ ژنانی بەلووچ گرنگە، ئێمە زۆرێک لە ئازیزەکانمان بەدەستی دەوڵەتەوە لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی بەلوچستان لە برینە قوڵەکانیانەوە گۆڕاون بۆ پاڵەوانی بەرخۆدان، ئەوان ئازایەتییان نیشانداوە کە لە خەمەوە بۆ کردەوەی سیاسی هەنگاو بنێن و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕۆڵی هەبووە لە داڕشتنی ئەم گۆڕانکارییە و پێدانی زمان و ئاراستەی.
"سەرنج لەسەر خەباتی جیهانی"
سەفیە مەنزوور لە قسەکانیدا، سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە پێکهاتەی و خولگەییانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە و جیهان بووەتەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ژنان لە جاران هاودەنگییەکی نێودەوڵەتی بەهێزتر بونیاد بنێن، نابێت ڕێگە بە خۆمان بدەین لەسەر بنەمای سنوور، نەتەوە، یان ئایینەکان دابەش بین،هەروەها ئەزموونی بەلوچستان ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو ژنانەی لە بێدەنگی یاخی دەبن، هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی نوێ دروست دەکەن، خەبات دژی ‘ونبوون’ و توندوتیژی سەربازی تەنها خەباتێکی ناوخۆی نییە.
جەختی لەوە کردەوە، کە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەها بەردەوامەکانی وەک بوێری، کۆڵنەدان، هاودەنگی و سەربەخۆی لە بەرخۆدانەکەماندا چاندووە، ئەم بەهایانە دەبێت بناغەی هەموو هەنگاوەکانی داهاتوو بن.
"رزگاری گەل پەیوەستە بە ڕزگاری ژنەوە"
سەبارەت بە چۆنیەتی بونیادنانی ئازادی ژنان لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا، سەفیە مەنزوور، وتی: کۆمەڵگەیەک کە ژن ئازاد نەکات، هەرگیز ناتوانێت دیموکراتی بێت، ئازادی ژن پرسێکی لاوەکی نییە، ئەوە بنچینەی دیموکراتی ڕاستەقینەیە، بۆیە دەبێت خەباتی ژنان بێوچان بێت بەرامبەر بە هەژموونی پیاو، توندوتیژیی دەوڵەت، و چەوساندنەوەی ئابووری، وەک چالاکوانێکی بەلووچ، باوەڕم وایە کە ژن ئازاد دەکرێت، گەل ئازاد دەبێت، ڕزگاری ئەوان دەروازەی جیهانێکی دوور لە ستەم و چەوساندنەوەیە.