شاندی ژنان لە بەلجیکا باسیان لە ژنۆلۆژی و مێژووی ژنان کرد

شاندی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ناوەندی ژنۆلۆژی، ئینستیتیوتی کوردی و ناوەندی توێژینەوە لە برۆکسل، گرنگی بەهێزکردنی پەروەردەی ژنان و بونیادنانی یەکێتی ژنانیان تاوتوێ کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە لە گەشتە یەک مانگەکەی کە سەردان بۆ زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی لەخۆدەگرێت. لەم سەردانەدا شاندەکە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ کۆدەبنەوە. هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەوروپا کۆدەبێتەوە و بەشداری لە سیمیناری دیالۆگ و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان دەکات، ئامانج لەم سەردانانە پێشخستنی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیارییە لەسەر پرسی ژنان و مافی مرۆڤ.

 

شاندی ژنان لە ئەمین عومەر، ئەندامی جێبەجێکاری ئەنجومەنی ژنانی سووریا، مونا یوسف، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی سووریا شەهرەزاد قاسم، وتەبێژی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار جۆرجێت بەرسوم، وتەبێژی یەکێتی ژنانی سووریا پێکدێت.

 

دوێنێ شەو شاندەکە گەیشتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و دەستیان بە زنجیرەیەک سەردان کرد بۆ سێ ناوەند لەوێ؛ ناوەندی ژنۆلۆژی، ئینستیتیوتی کوردی وناوەندی توێژینەوە.

 

خوێندنەوەی مێژوو لە ڕوانگەی ژنانەوە پێویستە

لە میانی سەردانەکەیاندا بۆ ناوەندی ژنۆلۆژی، ئەندامانی شاندەکە باسیان لە چالاکییەکانی ناوەندەکە و ڕۆڵی توێژینەوەی ژنان "ژنۆلۆژی" کرد لە بونیادنانی ڕوانگەیەکی فیکری و کۆمەڵایەتی کە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان، دووبارە خوێندنەوەی مێژوو لە ڕوانگەی ژنانەوە کە دادپەروەری بەرامبەر ئەزموونەکانیان بکات و تیشک دەخاتە سەر بەشدارییەکانیان. هەروەها باسیان لە ڕێگاکانی فراوانکردنی بازنەی کاریگەری و گەیشتن بە بەشێکی فراوانتری ژنان کرد لەڕێگەی دامەزراندنی یەکێتی ژنان کە هاودەنگی بەرەوپێش دەبات و کاری هاوبەش تەرخان دەکات بۆ بەهێزکردن و گۆڕانکاری.

 

باسکردنی خەباتی ژنان

لە سەردانەکەیاندا بۆ ئەنستیتۆی کوردیش باسیان لە کێشەکانی ژنانی سوریا و خەباتیان لە ساڵانی شۆڕشدا کرد. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە بەشداری ژنان لە دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی فرەیی لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانییە.

 

بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ژنان گرنگە

لە میانی سەردانەکەیاندا بۆ ناوەندی توێژینەوە، شاندەکە لەگەڵ ئایشە ئەلباشا بەڕێوەبەری ناوەندەکە کۆبووەوە. هەروەها شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی ئیکسەل کۆبووەوە، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە پرسەکانی ژنان و مافەکانی کۆمەڵگە.

 

بەشداری چالاکی جۆراوجۆر دەکات

بڕیارە شاندەکە لە چەندین وڵاتی ئەوروپیدا بەشداری زنجیرە چالاکییەکان بکات، لەوانە سویسرا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەلجیکا. ئەم بەشدارییە بەشداریکردن لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان، سیمیناری گفتوگۆ و فێستیڤاڵە کولتوورییەکان، هەروەها ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوە چالاکەکانی ژنان و مافی مرۆڤ لە ئەوروپا لەخۆدەگرێت. ئامانج لەم بەشداریانە پەرەپێدانی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی شارەزاییە لە بوارەکانی بەهێزکردن و داکۆکیکردن.