بومەلەرزە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی وێرانکردو ژنان و منداڵان لە دڵی کارەساتەکەدان

ئەو بوومەلەرزانەی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە، وێرانکارییەکی بەرفراوان و زیانێکی زۆری مرۆڤی بەجێهێشت، بەهۆی ناسکی ماڵەکانیانەوە زۆرینەی قوربانییەکان ژن و منداڵ بوون، ئەوانەشی ڕزگاریان بووە، لە یارمەتییە مرۆییەکان بێبەشکراون، کە لە کۆنترۆڵی تاڵیباندایە.

بەهاران لەهیب

 

نەنگەرهار-لە ٣١ی ئابدا ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بە کابولی پایتەختیشەوە بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا و وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە، زیانی ماددی لە پارێزگای لاغمان و جەلال ئاباد تۆمار کراوە، هەروەها پارێزگای کونار توشی کارەساتێکی مرۆی بوو، دوو دۆڵی بەتەواوی وێران بوون، گوندێکی دۆڵی مەزاریش سڕایەوە دوای ئەوەی تەواوی دانیشتوانەکەی کوژران و لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژران، ڕێگاکانی بەرەو ناوچە زیانلێکەوتوەکان لە کونار بوونە شتێکی تێپەڕنەکراو و دوای بوومەلەرزە، لەگەڵ بارانبارینی بەخوڕ، کە کارەساتەکەی خراپتر کرد و بەهۆیەوە زەوی لەرزین کە ئازاری دانیشتوانەکەی زیاتر کرد.

 

لە دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەدا، تەنها یەک یان دوو ئەندامی زۆرێک لە خێزانەکان ڕزگاریان بوو و ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان زۆرینەی ڕەهای قوربانییەکان پێکدەهێنن، کە ئەمەش بەهۆی ناسکی ژێرخانی نیشتەجێبوون لە زۆربەی گوند و پارێزگاکانی ئەفغانستان، ماڵەکان لە کەرەستەی بەرگری نەکراو لە کارەسات دروست دەکرێن، ئەمەش وایان لێدەکات لە کاتی بوومەلەرزەدا توشی داڕمانی خێرا بن، کە لە ئەنجامدا زیانێکی زۆری مرۆڤەکان دەبێت.

 

ڕۆژی ٣ی ئەیلوول بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٥.٦ پلە بە پێوەری ڕێختەر لە پارێزگای دار ئەنوەری سەر بە پارێزگای نەنگەرهار ڕوویدا، ئەمجارە جگە لە زیانە مادییەکان، زیانی مرۆڤیش هەبووە، بە دەیان کەس بریندار بوون و هاوڵاتیان ناچار بوون شەو و ڕۆژ لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان بەسەر بەرن.

 

هەرچەندە پلانی فریاگوزاری داوای گەیاندنی هەلیکۆپتەر بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەکرد، بەڵام تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کرد و شەپۆلێکی ناڕەزای کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە، زۆرێک لە دانیشتوان ڕایانگەیاندوە، کە هاوکارییەکان بە ناوی ئەوانەوە تۆمارکراون بەڵام هەرگیز نەگەیشتوونەتە دەستیان، بەڵکو لای تاڵیبان لادرا، هەستی پەراوێزخستن و وازهێنانیان لە سەردەمێکدا قوڵتر کردەوە کە زۆرترین پێویستیان بە پشتیوانی بوو.

 

هاوکات وەزارەتی کەشناسی هۆشداری دەدات لە بەردەوامی بارانبارینی بەخوڕ و مەترسی لافاوێکی خێرا و بەرنامەی خۆراکی جیهانی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش دۆخەکەیان بە "هەستیار" ڕاگەیاندوە.

 

نورگول وەلی، دانیشتوی ناوچەی دار ئەنوەری سەر بە نەنگەرهار، وتی: لە یەکەم بوومەلەرزەدا ماڵەکانمان وێران بوون، بەو پێیەی ناوچەکەمان شاخاوییە، دوو منداڵمان گیانیان لەدەستدا، هەندێکی دیکەش توشی شکان و برینداربوون، بۆ جاری دووەم بوومەلەرزە بەهێزەکە ڕوویدا، هەمان ماڵەکان کە تاڕادەیەک وەک خۆیان مانەوە، وێران بوون و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵان برینداربوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە گوندەکەماندا هیچ کلینیکێک نییە، لە ناوەندی پارێزگاکەدا تەنها یەک کلینیک هەیە، و دوورە لە ئێمە، تەنانەت ئەو کلینیکەی کە هەیە، پزیشک و کەرەستەی پێویستی نییە بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان، تەنها چەند کەسێک توانیویانە بریندارەکانیان بگوازنەوە بۆ شاری جەلال ئاباد.

 

سەبارەت بە هاوکارییەکانیش بە تووڕەییەوە وتی: هەموو هاوکارییەک سەرەتا بۆ تاڵیبان دەڕوات، دواتر بۆ کەسانی کاریگەری گوندەکان، بیستمان هاوکاری گەیشتوەتە پارێزگای کونار، بەڵام دۆخی هاوڵاتیانی ئەوێ لە دۆخی ئێمە باشتر نییە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە کەس یارمەتیمان نادات، هەروەها ماڵ و منداڵ و هەموو کەلوپەلەکانمان لەدەستداوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: لە ژیانمدا نەمبینیوە حکومەت بە هانای هەژارانەوە بێت، نەک هەر هاوکاری ناکەن، بەڵکو بە بیانووی لاوازەوە هاوژین و منداڵەکانمان دەکوژن یان ونیان دەکەن، هەموو شتێک کە دێتە وڵات دەچێتە گیرفانی زلهێزەکان و ئەم ڕەوتە بەردەوامە.

 

بوومەلەرزە یەک لە دوای یەکەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان جارێکی دیکە ئامادەی وڵاتەکەی بۆ کارەساتە سروشتییەکان و نەبوونی ژێرخانی خۆڕاگر نیشان دا، هاوکات نەبوونی شەفافیەت لە بەڕێوەبردن و دابەشکردنی دادپەروەرانەی هاوکارییەکان ئازاری ڕزگاربووانی زیاتر کردووە، بەهۆی ئەوەی ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان بە شێوەیەکی ناڕێژەی کاریگەرییان لەسەرە، هاوڵاتیان هێشتا چاوەڕێی یارمەتی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەن- یارمەتییەکان کە تا ئێستا زیاتر وەک دەنگۆیەک ماونەتەوە.