شاعیرێک هۆنراوەو گێڕانەوە بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەزموونەکانی ژنانی کورد تێکەڵ دەکات

کریستین ئۆزبی، نووسەر و شاعیری کوردە و شیعر و گێڕانەوە تێکەڵ دەکات بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەزموونەکانی ژنانی کورد، دەڵێت: نووسین بە زمانی دایک بۆ پاراستنی شوناس زۆر پێویستە، هەروەها ئەدەبیاتی فێمینیستی ڕەنگدانەوەی ئازار و خەونی ژنانە.

بنەفش ستێرک

 

ئامەد- هەر ژنێک لە ناو خۆیدا جیهانێکی تایبەت بە خۆی هەڵدەگرێت، جیهانێک کە لە ڕێگەیەوە هەست و ئەزموونەکانی دەبەستێتەوە، لە ڕێگەی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییە هەمەچەشنەکانەوە هەست و هیوا و دڵشکان و سنوورداربوون و خەمەکانی خۆی دەردەبڕێت، لە نێویاندا نووسەر و شاعیر کریستین ئۆزبی هەیە کە ڕۆڵە جیاوازەکانی ژیانی تێکەڵ کردووە و بە شارەزای گوزارشتیانی لێکردووە.

 

کریستین ئۆزبی گەشتە ئەدەبییەکەی بە شیعر دەستپێکرد، هەوڵیدا ڕەنگ و دەنگدانەوەیەکی ناوازە بە دەنگی ژنان بدات، یەکەم پەرتووکی بە زمانی تورکی بوو، بەڵام بە خێرایی ڕووی لە نووسین بە زمانی کوردی ڕەسەنی خۆی کرد، ئەمەش وایکرد کە ببێتە ڕاستەقینەترین ئامرازی دەربڕینی خۆی، وتی: بە تورکی دەستم بە نووسین کرد، بەڵام زۆری نەخایاند ویستم بە کوردی بنووسم، چونکە بۆ من زمانی ڕاستەقینەی خۆم بوو، لە زمانی تورکیدا هەستم بە سەربەخۆیی نەدەکرد، لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆم هەستم بە نامۆیەک دەکرد، بەڵام کاتێک بە زمانی کوردی دەنووسم، هەست دەکەم گەڕاومەتەوە ماڵەوە، بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆم.

 

کریستین ئۆزبی پێش ئەوەی خێزانەکەی ڕوو لە فارقین بکەن، لە شاری موش لەدایکبووە کە بە گۆرانیبێژە فۆلکلۆرییەکان ناسراوە، وتی: باوکی ناوی کارەکتەرێکی بەناوبانگی درامای ڕادیۆیی لێناوە، بەڵام ناوەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕەتکرایەوە و بەهۆی ئەوەی کەناوێکی "گوندییە" بووە، ناسنامەکەی بە "کیبار" تۆمارکرا، سەرەڕای ئەمەش کریستین پابەند بوو بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیەوە و هەرگیز ناوی دیکەی هەڵنەبژارد.

 

خوێندنی سەرەتایی لە فارقین تەواو کردووە، پاشان خوێندنی پەرستاریی تەواو کردووە و دەرچووە و ٢٧ ساڵ لەو پیشەیەدا کاری کردووە، لەگەڵ کارەکانی وەک پەرستار، ڕێگایەکی دیکەی بۆ خۆدەربڕین لە نووسیندا دۆزیەوە.

جگە لە شیعر، شوێنێکی دیکەی بۆ دەربڕین لە نووسینی تەنزئامێزدا دۆزیەوە، بۆ ساڵانێک دەقە کۆمیدییەکانی لە ماڵپەڕە جیاوازەکاندا بڵاودەکردەوە، شانۆنامەی کۆمیدی دەنووسی و سیناریۆی زنجیرەیەکی کۆمیدی بە ناوی "الأرض والحياة" "زەوی و ژیان" نووسی.

 

سەبارەت بە ئەزموونی نووسینەکەی، سەرەتا بە چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان دەستیپێکرد و وتی: وەک فاتمە گول بێرکتای ئاماژەی پێکردووە، تێکەڵکردنی ژنبوون لەگەڵ نووسەربوون ئەرکێکی قورسە، چونکە بەرپرسیارێتیەکانمان دوو لایەنە، دایکم و کارێکی فەرمی دەکوم، لە هەمان کاتدا دەنووسم و دەخوێنمەوە، بەبێ خوێندنەوە، ناتوانرێت نووسین هەبێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: هەندێکجار دەق دەنووسین کە پەراوێزخراون یان بە شایستەی خوێندنەوە دانانرێن، چونکە باس لە ئازارەکانی ژنان دەکەن، هەر بۆیەش ئەو قەدرزانییە وەرناگرین کە شایەنیەتی، هەر ئەمەش وایکردووە ئێمەی ژنان هەست بە گۆشەگیری بکەین لەم بوارەدا، وەک ئەوەی هەموو بارگرانییەکە لەسەر شانمان بێت. بەهۆی ئەو بەرپرسیارێتییە زۆرانەی کە لە ئەستۆماندایە، کەمتر دیار دەبین، لەکاتێکدا مەیدانەکە زیاتر کراوە دەمێنێتەوە بۆ پیاوان.

 

"گرنگترین بەرهەمەکانی"

سەبارەت بە بەرهەمە ئەدەبییەکانی، ئاماژەی بەوەدا، کە یەکەم پەرتووکی بە زمانی تورکی بووە بە ناوی "Sağanak Yalnızlık" "گەردەلولی تەنهایی"، دواتر "Şevdank" "شەڤدانک" کە کۆمەڵە شیعرێکی بە زمانی کوردییە. سەرەڕای هەندێک کەموکوڕی هەستپێکراوی، ئەوە ئەزموونێکی ناوازە بوو بۆ ئەو چونکە یەکەم شیعری بوو کە بە زمانی دایکی خۆی بڵاوکرایەوە، دواتر "Sorxêlî" "سۆرخێلی" هاتە ئاراوە، کە کۆمەڵە کورتە چیرۆکێکە و لە کۆتاییدا، دوایین بەرهەمی "Keştiya Tijî Xem" "کەشتیەکەم کە پڕە لە خەم"کە هەروەها کۆمەڵە کورتە چیرۆکێکە.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە تەمەنی گەنجیدا چەندین چیرۆکم دەخوێندەوە کە پیاوان لەسەر ژن نووسیویانە، هەستم کرد ئەمە بۆشاییە، حەزم دەکرد لە ڕوانگەی ژنێکەوە چیرۆک بخوێنمەوە، بۆیە گرنگییەکی تایبەتم بە نووسینەکانی ژنی کورد دەدا، ویستم بە زمانی کوردی بنووسم، بڕیارمدا چیرۆکەکانم بە زمانی دایک بنووسم.

 

کریستین ئۆزبێ جەختی لە گرنگییەکی چارەنووسسازانەی نووسین بە زمانی کوردی بۆ ژناننی نووسەران کردەوە ئاماژەی بە سنوورداربوونی خوێنەری پەرتووکی کوردی کرد. وتی: داواکاریی ئێمە سادەیە، ژن و دایکی کورد، هەروەها پیاوی کورد، دەست بە زمانی دایکی خۆیانەوە بگرن، بەڵام ژنان زیاتر پێویستیان بەم شتە هەیە، چونکە کولتوور لە ڕێگەی ژنانەوە، لە ڕێگەی دایک و خوشکەوە، بۆ منداڵان دەگوازرێتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، هەرچەندە زمانی کوردی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئامادە بێت، ژنی کورد زیاتر پاڵنەری بۆ پاراستنی دەبێت، هەر نووسەرێک دەنووسێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی بخوێنرێتەوە، ئەگەر بزانێت بەرهەمەکەی ناخوێندرێتەوە، ئەوا نانووسێت، بۆیە تەنها داواکارییەکەم ئەوەیە کە هەر کەسێک بە زمانی دایکی خۆی، زمانی دایکی خۆی قسە بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی زمان خەمی گەورەیەتی، چونکە خوێندن و بەرهەمە ئەدەبییەکانی پەیوەست بە ژنان زۆر کەمن، جا چ لە بەشەکانی خوێندنی کوردی، زانکۆکانی ئەوروپا، یان لە شوێنەکانی دیکە، وتی: هەست دەکەم گەورەترین بارگرانی دەکەوێتە سەر ژنان، تەنانەت کاتێک بەرهەمەکانم بڵاودەکەمەوە کەس باسی ناکات و ئەمەش جێگەی داخە، چونکە بەهای کارەکانی ژنان کەمدەکاتەوە.

 

"هەموو نووسەرێکی ژن وەک شایەتحاڵی سەردەمەکەی دەمێنێتەوە"

سەبارەت بە خستنەڕووی بەیتێکی گۆرانی "خانمەتی"ی هونەرمەند شڤان پەروەر لە یەکێک لە چیرۆکەکانیدا، وتی" ئەم گۆرانییە کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر من بەجێهێشتووە، باسی ژنێکە دەکات کە ناتوانێت خۆی دەرببڕێت، بەڵام من دەستوەردان لە تێکستەکانیدا دەکەم، ئازارەکانیم لەسەریان پڕۆژە دەکەم، ئەوەی دەمەوێت بیڵێم دەیڵێم. ئامۆژگاری نەوەی نوێ دەکەم کە بە زمانی دایکی خۆیان بنووسن، ئەوان دەتوانن دەقی جوان دروست بکەن، ژنانی کورد خاوەنی توانایەکی گەورەن و ئەگەر نەوەی نوێ بەرهەمی ژنانی نووسەری پێشوو بخوێننەوە، ئەوا تێدەگەن کە سەرەڕای نەبوونی دەرفەت، شتی نایابیان نووسیوە، ئەمڕۆ دەرفەتەکان زۆرن، و دەتوانن بەرهەمی نایاب بەرهەم بهێنن و شتی گەورە بەدەست بهێنن.

 

کریستین ئۆزبی ڕوونی کردەوە، کە لە چیرۆکەکانیدا هەوڵدەدات لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ژنان نیشان بدات، وتیشی: تا ئێستا ئەدەب تەنها لە وێناکردنی ژن لە گوندەکان یان لە چوارچێوەیەکی فۆلکلۆریدا سنووردار بووە، بەڵام من ویستم لەوە زیاتر بچم بۆ ئەوەی لەسەر ژنی کوردی سەردەمی بنووسم، ژنانی هاوچەرخی کورد زۆرن، وە ئەگەر چیرۆکەکانی دیکەش لە ئاستێکدا بمێننەوە، ئەوا دەبێت ئەمجارە بەڵگەداریان بکەین، هەموو نووسەرێک شایەتحاڵی سەردەمی خۆیەتی، منیش لەسەر ژنانی تێکۆشەر دەنووسم، چونکە شۆڕش بارگرانییەکی گەورە دەخاتە سەر ژنان، دەبێت کەسێک هەبێت کە ئەمە بە نووسین تۆمار بکات و نەمری بکات من لەسەر ژنانی کرێکار و ژنانی فەرمانبەر، دایکان دەنووسم دەمەوێت لەسەر ژنانی کورد بە هەموو شێوەکانیەوە بنووسم.