لە ڕۆژی جیهانی منداڵاندا؛ چالاکییەکی تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی ورەی منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە لە سلێمانی بەڕێوەچوو

ڕێکخراوی کوردستان هێڵس بە هاوکاریی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە زنجیرەیەک چالاکیی دەروونی و دابەشکردنی دیارییان بۆ دڵخۆشکردنی منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە ڕێکخست.

سلێمانی

 

ساڵانە لە ١ی حوزەیراندا، لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی کوردستان یادی ڕۆژی جیهانی منداڵان دەکرێتەوە، لەو چوارچێوەیەدا ڕێکخراوە مرۆیی و تەندروستییەکان جەخت لەسەر پاڵپشتیی دەروونی ئەو منداڵانە دەکەنەوە کە بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن. نەخۆشخانەی هیوا تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی، یەکێکە لەو ناوەندە سەرەکییانەی کە هاوشانی چارەسەری پزیشکی، گرنگییەکی تایبەت بە باری دەروونیی نەخۆشەکان و بەتایبەت منداڵان دەدات، بەوپێیەی ئامارە پزیشکییەکان دەیسەلمێنن کە بەرزیی ورەی نەخۆش کارایی دەرمانەکان زیاتر دەکات.

 

خۆشی شوان، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کوردستان هێڵس وتی: ئەمڕۆ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە، ویستمان ئەم یادە لەگەڵ منداڵانی نەخۆشخانەی هیوا بکەینەوە. ئەم منداڵانە پێویستیان بە بارێکی دەروونیی جیاواز هەیە؛ بەخشینی هەر دیارییەک و خستنی خەندەیەک بۆ سەر لێویان، دەبێتە هێز و هیوایەک بۆ داهاتوویان و چالاکییەکانمان جۆراوجۆرن؛ لەلایەن کۆمەڵێک گەنجەوە جلی کارەکتەرەکانی منداڵان پۆشراوە بۆ دڵخۆشکردنیان، چەندین دیاریی جۆراوجۆریان بەسەردا دابەش دەکرێت و نیوەڕۆخوانێکیشیان بۆ ئامادەکراوە کە لەلایەن چەند شوێنێکەوە سپۆنسەر کراوە.

 

بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە ئاماژەی بە ئەزموونی خۆی کرد و وتی: من خۆم پێشتر تووشبووی شێرپەنجە بووم و لەناو خەم و ئازارەکانی ئەماندا ژیاوم، هەموو دۆخەکەم بینیوە. وەک ئەوان، هەر بزەیەک، دەستگرتنێک و باوەشێک دەتوانێت ڕۆحێکی زیندوو بەبەر ئەم منداڵانەدا بکاتەوە.

 

تاڤگە سالار کە دایکی منداڵێکی تووشبووی شێرپەنجەیە، وتی: باری دەروونیی ئەم منداڵانە لە منداڵانی تر جیاوازە. هێندەی دەرمان گرنگە، باری دەروونیشیان گرنگە، بۆیە پێویستە بەردەوام ئەم جۆرە چالاکییانە ئەنجام بدرێن تا خەم و ئازارەکانیان بیر بچێتەوە. نەخۆشخانەی هیواش بەردەوام هاوکاری منداڵانی تووشبووی شێرپەنجەیە و لە بۆنەکاندا بەسەریان دەکاتەوە و دیارییان بەسەردا دابەش دەکات.