شایان کاکە ساڵح: تورکیا ١٥کم زیاتر لەشکرکێشی کردووە و ٦٠-٧٠ بنکەی سەربازی هەیە
شایان کاکە ساڵح ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ ئەو شوێنەی پێنج پێشمەرگە تێیدا گیانیان لەدەستدا، بەدواداچوونەکانیان دەخاتە ڕوو، کە ئەو شوێنە دوورە لە ناوچەی هەبوونی پەکەکەوە، هەروەها دارەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەبڕدرێتەوە و بەکیلۆ دەفرۆشرێن، وتیشی ئەو سەیارەیەی بۆردومانکرابوو تا ئێمە چووین لێیان شاردینەوە.
ناوەندی هەواڵ
لیژنەیەكی هاوبەش كە پێكهاتبوون لە بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی پارێزگای دهۆكیان کرد و ڕۆژانی ٨-٩ی حوزەیران سەردانی قایمقامیەتی زاخۆ، ناحیەی دەركار، باتیڤا، بێگوڤاو بازیو، ناحیەی كانی ماسی، ڕۆژی دووەم سەردانی قەزای ئامێدیمان كرد هەروەها بنكەكانی هێزی پێشمەرگە لەچیای مەتیناو سەرێ ئامێدی کرا، ڕاپۆرتیش لەو بارەیەوە خراوەتە بەردەم پەرلەمانی عێراق تا کاری لەسەر بکرێت.
شایان کاکە ساڵح پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان و ئەندامی لیژنەیەی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ ئەو شوێنەی پێشمەرگەکان تێیدا گیانیان لەدەستدا، ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان دەخاتەڕوو، دەقێکی نووسراوەکەی لە سایتی بوار نیوز بڵاوکراوەتەوە.
شایان ئەوەی خستەڕوو توركیا ٦٠-٧٠ بنكەی سەربازی و ئەمنی هەیە، زیاتر لە ١٥ كم هاتوونەتە ناو خاكی هەرێم، ئەوەی جێی ئاماژەیە سەرۆكی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە كردەوە ڕێككەوتنی نێوان توركیاو عێراق لەساڵی ١٩٨٣ بۆ ئەوەی ١٥كم بچنە ناو خاكی یەكتری بەهەڵوەشاوە دادەنرێ، چونكە بۆ قۆناغێكی دیاریكراو بووە.
هەروەها هاتووە کە بەهۆی هێرشەکانەوە لە ٢٥/٧/٢٠١٥ەوە تا ٢٤/٤/٢٠٢١ زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتی شەهید بوون و ٢٤٩ گوند چۆڵ بوونەو بەشێكیش لەگوندەكان مەترسی چۆڵ بوونیان هەیە، سەبارەت بەبڕینەوەی دارو درەخت لەلایەن توركیاوە، بەداخەوە نەمانتوانی بچینە ئەو گوندانە كە ڕاستەوخۆ بەسنووری توركیاوە نووساون و بەهۆی مەترسی زۆرەوە چۆڵ كراون، هاووڵاتیان ئاماژەیان بەوەدا كە ئەوانەی دار دەبڕنەوە چەتەن و توركیا بەكاریان دێنێ و بەكیلۆ دار دەفرۆشن، نزیكەی ٦٠ گوند تا ئێستا داری لێ بڕاوەتەوە، درەخت هەیە تەمەنی لە ٢٠٠ ساڵ زیاترەو بڕاوەتەوە یان سووتێنراوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی بەدواداچوونی مەیدانیی نووسیویەتی: لەو سەردانە مەیدانیە بۆمان دەركەوت توركیا سەنگەری لەناو خاكی هەرێم داناوە، لەسەر چیای ناحیەی دەركار كە لە ٨\٦\٢٠٢١ پێشمەرگەیەك لەدووری سێ دەقە پیادە لە بنكەی پێشمەرگە شەهید بوو، پەكەكە بنكەو بارەگای نیە لەو ناوچەیەو پارتیزانن، سەرێ ئامێدی ئەو شوێنەیە كە ٥ پێشمەرگەكەی لێ شەهید بوو، بەداخەوە سەرباری ئەوەی ئەو بنكەیەی پێشمەرگە لەوێ بوون زانیارییان هەبوو لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق و كوردستان سەردانی ئەو ناوچە دەكەن، بەڵام ڕۆژی پێشتر ئەو ئوتۆمبێلەیان لادابوو كە ٥ پێشمەرگەكەی تێدا شەهید بوو بوو.
بۆ ڕێگا چارەسەریش چەند خاڵێکیان خستووەتە ڕوو، خراویشەتە بەردەم پەرلەمانی عێراق تا کاری لەسەر بکرێت.