شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: پەدەكە توركیا دەكاتە دوژمنی سلێمانی
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەنەكە ڕایگەیاند، پەدەکە تورکیا دەکەنە دوژمنی سلێمانی.
ناوەندی هەواڵ
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەنەكە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان عەقڵیەتی تاکڕەوی و جیاکاری بگۆڕێت بۆ عەقڵیەتی خزمەت، چونکە لای خەڵک گرنگە کە کێ دەتوانێت خزمەت بکات، بۆئەمەش پێویستە لایەنەکان گفتوگۆکانیان لەپێناو پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستپێبکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، گلەیی زۆر لە ئەدای کاری حکومەت هەیە و ئەو بڕیارە تاکڕەوانەی کە دەدرێت، ناگونجێن و پێویستە کۆتایی پێ بهێندرێت و حکومەتێک بێتە کایەوە کە خزمەتکاری خەڵک بێت.
لەبارەی بە ئامانج گرتنی سلێمانی لە ڕاگەیاندنەکانی پەدەکەوە وتی: کەناڵەکانی پارتی راستگۆییان لەدەستداوە و بە ئامانج کار لەسەر ناشرینکردنی سلێمانی دەکەن، بۆنموونە دوێنێ بارەگای سەرەکی (هەدەپە)ـیان لە هەولێر داخستووە و ناردوویانن بۆ سلێمانی، بەڵام هەر خۆشیان دەچن بە تورکیا دەڵێن (هەدەپە) بارەگای لە سلێمانی هەیە و ئەو وڵاتە دەکەنە دوژمنی سلێمانی، ئەمەش هەوڵێکی خراپە کە بۆ تێکدانی ئارامی سلێمانی دەدرێت.