"سەفەربەری؛ بەرخۆدانی گەل و ئیرادەی بەکۆمەڵ لە بەرامبەر بە ئامانجکردن و ئاوارەبوون"
لە کاتێکدا هێرشەکان بەردەوامن، دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، سەفەربەریان ڕاگەیاندووەو ئیرادەی بەکۆمەڵی نەگۆڕی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە بەردەوامەکان دووپات کردەوە.
ئەسما محەمەد
قامیشلۆ – سەفەربەری بە دۆخێکی هەمەلایەنەی ئامادەیی پێناسە دەکرێت، مرۆڤەکان کاتێک ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی بوونی دەبنەوە، هەموو پێکهاتەکانی دەگۆڕن بۆ هێزێکی چالاک لە بەرگریکردن لە خاک و شکۆمەندی و مافەکانیان، تەنها لە ڕەهەندی سەربازیدا سنووردار نییە، بەڵکو ڕەهەندە سیاسی و ڕەوشتییەکانیش دەگرێتەوە، چەمکی سەفەربەری لە پاراستنی بڕیاردان و پێکەوەژیان بەرجەستە دەکات.
لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب، ڕاگەیاندنی سەفەربەری لە وەڵامی هێرش و پێشێلکارییە دووبارەبووەکاندا بوو، پابەندبوونی دانیشتووانی بە مافی ڕەوای خۆیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ سەپاندنی ڕاستیەکانبە زۆر دووپاتکردەوە، ئەم جاڕنامەیە دۆخێکی ڕێکخستنی گەلی دروستکرد، گەڕەکەکانی کردە شوێنی بەرخۆدانی پێکەوەیی، ئەزمونی بەرەنگاربوونەوەی بەنداوی تشرین تیشکی خستە سەر ڕۆڵی چارەنووسساز لە کۆکردنەوەی گشتی، کە ئیرادەی گەل لەگەڵ هێزەکانی پاراستن کۆبووەوە و پلانەکانی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی سەرچاوەیەکی ستراتیژی پووچەڵکردەوە، ئەوەش پشتڕاستکردەوە کە هێزی کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو توانای گۆڕینی هاوسەنگی هێزی لە ململانێدا هەیە.
ئەمڕۆ سەفەربەری دوو ڕەهەندی وەرگرتووە، وەک پارێزبەندییەک بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکان، پەیامێکی ڕوون دەنێرێت کە ناتوانرێت ئیرادەی گەل بشکێنرێت، بڕیاری چارەنووسساز لە ڕێگەی ئیرادەی بەکۆمەڵەوە دەدرێت نەک بە هێز.
"کۆکردنەوەی گشتی دەربڕینی ئیرادەیەکی بەکۆمەڵە کە ڕەتیدەکاتەوە ملکەچی بکات"
فاتمە حەسەن جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان ڕایگەیاند، بەرخۆدان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە ئەمڕۆدا نوێنەرایەتی یەکێک لە نموونە دیارەکانی بەرخۆدانی گەل دەکات لە بەرامبەر سیاسەتەکانی گەمارۆدان و بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی، ئەم بەرخۆدانەش لە مافێکی ڕەوای بەرگریکردن لە بوون و شکۆمەندی و مافە بنەڕەتییەکان سەرچاوە دەگرێت، سەفەربەری کە لەلایەن دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ڕاگەیەندراوە، ڕێکارێکی نائاسایی یان کاردانەوەی هەلومەرجی نییە، بەڵکو دەربڕینێکی هۆشیارانەی ئیرادەیەکی پێکەوەیی گەلە کە ڕەتیدەکاتەوە ملکەچی بکات و پابەندبوونی خۆی بە مافی چارەی خۆنووسین و پاراستنی کۆمەڵگەکەی لە هەوڵی ملکەچبوون بە زۆر دووپاتدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان ئەوەی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕوودەدات وەکو بابەتێک دەڕوانین کە سنووری شوێنەکە تێدەپەڕێنێت و دەست لە ویژدانی هەرکەسێک دەدات کە شەهیدێکی پێشکەشکرد بۆ بەرگریکردن لەم خاکە، شەڕی ئەمڕۆ تەنها شەڕی دوو گەڕەکی گەمارۆدراو نییە، بەڵکو شەڕی ئیرادەیە لە بەرامبەر ئەو پڕۆژانەی کە ئامانجیان شکاندنی ئەو خاکەیە، پەیکەری کۆمەڵایەتی، لێدان لە ڕۆحی هاودەنگی، سەپاندنی ڕاستیەکی سیاسی نوێ لەسەر بنەمای دوورخستنەوە و هەژموون لەم ڕوانگەیەوە بەرپرسیارێتی وەستان لە تەنیشت گەلەکەمانەوە بەرپرسیارێتییەکی ڕەوشتی و نیشتمانی هەیە کە دەکەوێتە سەر هەمووان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەزموونەکانی ڕابردوو، بەتایبەتی بەرخۆدان لە دژی بەنداوی تشرین، سەلماندی کە هەڵوێستێکی یەکگرتووی گەل دەتوانێت هاوکێشەکان هەڵبوەشێنێتەوە و مەترسیدارترین پلانەکان پووچەڵ بکاتەوە، بەبێ گوێدانە قەبارەی هەڕەشەی سەربازی یان سیاسی، ئەمڕۆش هەمان سیناریۆ لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دووبارە دەبێتەوە، کە دەوڵەتی هاودەنگی لە نێوان دانیشتووان و هێزەکانی ئاسایش بوونی هەیە و گەڕەکەکانیش دەگۆڕدرێن بۆ شوێنی بەرخۆدانی ڕێکخراو، بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتی بەڕێوەدەبرێن و لەسەر بنەمای ئیرادەیەکی پێکەوەیی نەشکێن.
دووپاتی کردەوە، کە ئەو گەمارۆیەی کە زیاتر لە شەش مانگە لەلایەن حکومەتی کاتییەوە بەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەدا سەپێندراوە، جۆرێک لە سزای دەستەکۆمەڵی پێکدەهێنێت و بەڕوونی سیاسەتێک ئاشکرا دەکات کە ئامانج لێی ملکەچکردنی دانیشتووانە لەڕێگەی برسێتی و فشاری ئابوورییەوە، هەوڵدان بۆ ناچارکردنیان بۆ قبوڵکردنی دۆخی ئێستا و دەستبەرداربوون لە مافە سەرەتاییەکانیان، بەڵام ئەم سیاسەتانە سەرکەوتوو نەبوون و سەرناکەون، چونکە گەلەکەمان کە ڕووبەڕووی ترسناکترین ئاڵەنگاری بووەتەوە و هەزاران شەهیدی پێشکەش کردووە، لەوە تێدەگات کە پاشەکشەکردن ئەمڕۆ بە واتای کردنەوەی دەرگای پێشێلکاری و هێرشی زیاترە.
فاتمە حەسەن جاسم ڕایگەیاند، کە ئەوەی شەرعیەت و هێزی خۆی بەم بەرخۆدانەدا دەبەخشێت، پەیوەندی قووڵی بە بەهاکانی دادپەروەری و ئازادی و پێکەوەژیان و ڕەتکردنەوەی لۆژیکی تۆڵەسەندنەوە یان وەدەرنانییە، هاودەنگی لەگەڵ شێخ مەقسود و ئەشرەفیە تەنها لە لێدوان یان هەڵوێستی ئامڕازیدا سنووردار نابێت، بەڵکو لە پاڵپشتی بەرجەستە و هەمەلایەنەدا بەرجەستە دەبێت، کە لە قامیشلۆوە تا حەسەکە و لە دێریکەوە تا ڕەققە و دێرەزوور، هەروەک چۆن لە هەموو قۆناغەکانی پێشووی خەباتدا ڕوویدا، ئەم گەڕەکانە تەنها نین و خەڵکەکەیان گۆشەگیر نین، بەڵکو بەشێکن لە پەیکەری کۆمەڵایەتی فراوان کە تێدەگات بەرگریکردن لە بەشێکە بەرگریکردنە لە کۆی گشتی.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە بەرزترین ئاستی هۆشیاری و ڕێکخستن هەیە، هەروەها بەهێزکردنی ڕۆحی بەرپرسیارێتی پێکەوەیی لە بەرامبەر هەوڵدان بۆ چاندنی ترس و ناتەبایی، شەڕی ئەمڕۆ تەنها سەربازی نییە، بەڵکو شەڕی هۆشیاری و بەرخۆدانه، شەڕێکە بۆ پاراستنی ئەو بەهایانەی کە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە لە پێناویاندا شەهید بوون، لە پێشەنگییاندا شکۆمەندی و ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان.
"بەرخۆدان مافێکی ڕەوایە"
فاتمە محەمەد، کۆچکردوی شاری عەفرینی داگیرکراو، ڕایگەیاند، دووبارە کۆچکردنی زۆرەملێی دانیشتووانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانیانە، ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو سیاسەتێکی بەردەوامە کە ماوەیەکی زۆرە بەسەر دانیشتووانی عەفریندا سەپێنراوە، ئەو گەڕەکانە شاهیدی چەندین شەپۆل کۆچکردن بوون، کە دوایینیان لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی تۆپبارانەوە بوو، کە بووە هۆی کۆچگردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی و لەدەستدانی بژێوی سەرەتایییان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کارانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان پێکدەهێنن، کە تێیدا هاتووە بەرپرسیارێتی پاراستنی گەڕەکەکان و دەستەبەرکردنی پارێزراوی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدایە، مسۆگەری ژیانێکی شکۆمەندانە و پاراستنی دانیشتووان، بەڵام ڕاستی پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت، چونکە هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکان سەرەڕای پابەندبوونە فەرمییەکان بەردەوامن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی شکستێکی ڕوونە لە جێبەجێکردنی ئەوەی کە لەسەری ڕێککەوتبوو و دانیشتووان ناچار دەکات باجی ڕاستەوخۆی ئەم سیاسەتانە بدەن.
لە کۆتاییدا وتی: ئیرادەی گەلەکەمان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ناشکێت، بەردەوامی بەرخۆدانیان پەیامێکە بۆ هەموو ئەوانەی هەوڵی سەپاندنی کۆنترۆڵ دەدەن بە زۆر کە مافەکان لێ وەرنەگیرێن، ژیان سنووردار ناکرێت، پشتیووانی ئێمە بۆ ئەوان و پابەندبوونمان بە وەستانەوە لە تەنیشتیان هەڵبژاردن نییە بەڵکو ئەرکێکە، سەفەربەری وەڵامێکە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پاراستنی شکۆمەندی، و پەیامێکی ڕوون کە دادپەروەری و ڕاستی هەمیشە زاڵ دەبێت بەسەر هەموو هەوڵەکانی ستەم و زۆرکردندا.