"کۆمەڵکوژییەکەی ٢٥ی کانوونی یەکەم داینامیک و وزەی شۆڕشەکەی کردە ئامانج"

ئاڤاشین میسۆت، هاوسەرۆکی دەستەی وەرزش و گەنجان لە دووەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی دژ بە گەنجان وتی: بە زیندووکردنەوەی کارەکانی هاوڕێکانمان و مسۆگەرکردنی شۆڕشەکەمان وەڵام دەدەینەوە.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، کاتێک ئەندامانی یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ لەگەڵ خێزانێکی نیشتمانپەروەر لە گەڕەکی شەهید پەیمان لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ کۆبوونەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سەر ماڵەکە، لە ئەنجامدا نوژیان ئۆجالان، ڤیان کۆبانێ، ڕۆژین ئیسۆ، مەرهەف ئیبراهیم، وەلید حوسێن و مەسعود ئیبراهیم شەهید بوون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

کۆمەڵکوژی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وەک پەیامێک دژ بە خەباتی گەنجان بوو، بەڵام یەکێتی ژنانی گەنج و بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ دژی هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر گەنجان خۆیان ڕێکخست و بەهێزتر بوون.

 

لە دووەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەدا، ئاڤاشین میسۆت، هاوسەرۆکی دەستەی وەرزش و گەنجانی کانتۆنی فورات هاوڕێکانی بەبیرهێنایەوەو سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیای بەرامبەر گەنجانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵسەنگاند.

 

"دەوڵەتی تورک داینامیکی و وزەی شۆڕشەکەی کردە ئامانج"

ئاڤاشین میسۆت لە سەرەتادا ڕووداوەکەی بەبیرهێنایەوەو وتی: لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۱، دەوڵەتی تورکیا ئەندامانی یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی کۆبانێی کردە ئامانج، لەو کاتەدا هاوڕێکان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی خۆیان پەروەردە بکەن و ڕێکخراوەکەیان بەهێز بکەن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هاوڕێکانی ئێمەی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان شەهید کرد، بێگومان ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ناوەندی کۆبانێ ڕوویدا یەکەم جار نەبوو، پێش ئەوە بە دەیان کۆمەڵکوژی بە هەمان شێوە ڕوویدا، سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر گەنجان نیشانی دەدەن کە ئەوانیش دەزانن کە هێزی داینامیکی کۆمەڵگە گەنجانن، ژنان و گەنجان هەنگاوی زۆریان ناوە بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕاکێشانی هەزاران گەنج و چوونە ڕیزەکانی شۆڕشەوە، بۆیە دەوڵەتی تورکیا لە هەموو دەرفەتێکدا ڕێکخراوی گەنجان دەکاتە ئامانج.

 

"٢٤ کاتژمێر لەناو تێکۆشاندا بوون"

ئاڤاشین میسۆت ئاماژەی بەوەکرد، لە خەباتدان بۆ ئەوەی لەگەڵ کارەکانی هاوڕێکانیاندا بژین و وتی: بەدرێژایی ساڵانی شۆڕش، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە پیشەنگەکانی کۆمەڵگەی کردووەتە ئامانج و شەهیدی کردوون، لە کەسایەتی پیشەنگانی کۆمەڵگەدا، دەیەوێت شۆڕش لەناوببات، شەهید نوژیان، ڤیان، ڕۆژین، وەلید و مەسعود، ٢٤ کاتژمێر لەسەر پێیەکانیان بوون و گەنجانیان ڕێکدەخست، ئەوان بەبێ وەستان کاریان کرد بۆ پاراستنی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە هێز و تێکۆشانی گەنجان، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خەباتیان هەبوو و هەوڵەکانیان بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە ڕوون بوو.

 

"لە ئاستێکی بەرزدا گەنجان ڕووبەڕووی شەڕێکی تایبەت دەبنەوە"

ئاڤاشین میسۆت ئاماژەی بە شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکیا لە دژی گەنجان کرد و وتی: دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی لەم پرۆسەیەدا، گەنجانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کردووەتە ئامانج، هەروەها ڕووداوەکەی ناوەندی گەنجان لە شاری مەنبج لەو هێرشانە دابڕاو نییە، جەنگێکی تایبەت لە دژی گەنجان بەکاردەهێنێت، دەبینین کە دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی، هانی گەنجان دەدات بۆ کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، هەروەها گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لەناو گەنجاندا، وەک گەنجان خۆمان بە پێی هەموو ئەو هەلومەرجانە ڕێکخستووە کە لە ململانێیەکی زۆر سەختداین، لەڕووی سیاسی و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتییەوە، لە ڕێگەی سیمینار و کۆبوونەوە و پەروەردە و وۆرکشۆپەکانەوە، گەنجانمان هۆشیار دەکەینەوە کە خۆیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بپارێزن.

 

"شەهیدەکانمان فەلسەفەی ژیانی شکۆدارن"

ئاڤاشین میسۆت، هاوسەرۆکی دەستەی وەرزش و گەنجان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ ئەو ڕێکخراوانەن کە خاوەنی بەها و مانای ڕێبەر ئاپۆن، ڕێبەر دەڵێت "هەروەک چۆن دەستمان کرد بە خەبات لەگەڵ گەنجان، وەک گەنج سەرکەوتوو دەبین" چۆن ڕێبەر ئاپۆ لە تەمەنی گەنجییەوە تێکۆشانی گەلی کوردی دەستپێکرد و هەزاران کەس بەشدارییان لە خەباتەکەیدا کرد، ئێمە وەک گەنجان لە کانتۆنی فورات تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو هاوڕێیانەمان کە لە کۆمەڵکوژییەکەی ٢٥ی کانوونی یەکەمدا شەهید بوون بە سەرکەوتن دەزانین، بە تایبەتی وەک ژنان، لەگەڵ وتەی سەرۆک ئاپۆدا دەژین کە دەڵێت سەدەی ٢١ی ئازادی ژنانە.