مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو لە مەغریب

 گەنجانی مەغریب نیگەرانی وڵاتەکەیانن کە ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو دەبێتەوە، کە کاریگەریی لەسەر سەقامگیری دانیشتووان و سەرچاوەکانی وڵاتەکەی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

گەنجانی مەغریب کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی داهاتووی ژینگەیی وڵاتەکەیان لە نێوان گۆڕانی توندی کەشوهەوا و کەمی ئاو و کێشەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک.

 

مەغریب یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو دەبێتەوە، کە کاریگەریی لەسەر سەقامگیری دانیشتووان و سەرچاوەکانی وڵاتەکەی هەیە.

 

ڕۆژی چوارشەممە لە دانیشتنێکدا کە لەلایەن ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە واشنتۆن دی سی ڕێکخرابوو، چەند گەنجێکی مەغریبی باسیان لەو ئاستەنگە ژینگەییە جددییانە کرد کە کۆمەڵگاکانیان ڕووبەڕووی دەبنەوە، باسیان لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە مەغریب کرد.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەمی ئاو، وزە، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و پەروەردە هەبووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم پرسانە بەیەکەوە گرێدراون.

 

فەتنا ئیکرامە ئەلفانێ ئەندازیاری ژینگە و چالاکوانی کەشوهەوا ڕایگەیاند، حکومەتی مەغریب لەم دواییانەدا دەستیکردووە بە گرنگیدان بەو پرسە ژینگەییە، ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین ستراتیژی پەیوەست بە ئاوەوە لە شوێنی خۆیانن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەمی ئاو و تا ئێستا گرتنەبەری هەنگاوە چارەسەرییەکان وەک پێویست نین.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی مەغریب کۆمەڵێک سیاسەتی دەرکردووە کە ئامانجیان باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو و بەردەستبوونی ئاوە لەناو وڵاتەکەدا.

 

ئەندازیاری ژینگە و چالاکوانی کەشوهەوا وتی کە حکومەت چەندین ستراتیژی درێژخایەنی پێکەوە داناوە لەنێویاندا نەخشەی ڕێگای بەڕێوەبردنی یەکگرتووی سەرچاوە ئاوییەکان و کارایی، جگە لە دەرکردنی یاسایەکی نیشتمانی ئاو کە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ حوکمڕانی ئاو، ماف و پاراستنەکان دابین دەکات، لە کاتێکدا بیرۆکەی پشت ئەم ڕێوشوێنە حکومیانە هاندانی پاراستن و بەکارهێنانی بەردەوامی ئاو بووە.

 

ویسال بن موسا، ئەندازیار لە پیشەسازییە کشتوکاڵییە خۆراکییەکان و پسپۆڕی کشتوکاڵی ئیکۆلۆژی، ڕایگەیاندووە، مەغریب بەهۆی شوێنی جوگرافییەکەیەوە ئیکۆسیستەمێکی هەبووە کە تووشی بیابانبوون و وشکبوونەوە بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیکۆسیستەمی وڵاتەکە کاریگەری زۆری لەسەر بووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، کە کەمی ئاوی زیادیکردووە بەهۆی کەمی بارانبارین و زیادبوونی هەڵمبوونی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کە ئەم هۆکارانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک هەبووە.

 

لە ناوچە کەنارییەکان ئاستی دەریا بەرز دەبێتەوە، پلەی گەرمی ئاوی دەریا بەرز دەبێتەوە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر جۆراوجۆری زیندوو و ژیانی دەریایی و تەواوی سیستەمی ئیکۆیی هەیە.

 

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستەمی زەوی هەیە لە دارستانەکان، زۆلکاوەکان، ناوچە شاخاوییەکان و بە تایبەتیتر لە ناوچەکانی باشوور یان مەغریب، کە لە ئێستاوە نیمچە وشکن و زیاتر و زیاتر وشک دەبنەوە.

 

حەسنەی باخووچ، ژنە گەنجانی ئاشتیخوازی نەتەوە یەکگرتووەکان و چالاکوانی ژینگە، ڕایگەیاند، کەمی ئاو کاریگەری لەسەر ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان هەیە، چونکە زۆرێک لە بەرپرسیارێتی ماڵەوە و ئەنجامدانی کشتوکاڵ لە ئەستۆی ژنانە، هەر بۆیە نەبوونی ژێرخانی گونجاو لە ناوچە گوندنشینەکان مەترسی زیاتری بۆ ئەو ژنانە دروستکردووە کە هەوڵدەدەن ئاو بۆ خێزانەکانیان دابین بکەن.