ژنانی ئازادیخواز، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیان ئیدانەی تیرۆرکردنی "ناگیهان ئاکارسەل" دەکەن

ژنان لە ڕێی نوسینی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان ئیدانەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، دەکەن و داوا دەکەن دەسەڵاتداران چیتر بێ هەڵوێست نەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

دەربارەی تیرۆرکردنی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، ژنانی چالاکوان و ئازادیخوازان، پارێزەر و تێکۆشەری باشوری کوردستان هاتنە دەنگ، لەو بارەیەوە جگە لە بەشداریکردنیان لە چالاکییەکاندا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیان چەندین بڵاوکراوەیان دژی کوشتنی ژنان و تیرۆرکردنیان بڵاوکردەوە، هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو، ئیدانەی هێرش و داگیرکارییەکانیان کرد و بڵاوکراوەکانیان بەم شێوەیە بوو:

 

کەژاڵ عەبدولقادر، چالاکوانی ژنان، " تیرۆر کردن وشەھید کردنی ھەڤال زیلان ڕیسواو ئیدانە ئەکەین ئەم ھەرێمە خاکێکی بێ دەرگاو پەنجەرەیە پرە لە میت و ئیتلاعات و مۆساد تیرۆر ھەر تیرۆرە سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی."

 

بەهار مونزیر، چالاکوانی بواری ژنان، " توڕەی و نەفرەتم لە مەرگ نزیک بوو، زۆر بەداخەوە بۆ ئەم خەمە قورسە."

 

پەیمان عزەدین، پارێزەر، "کوشتنی هەڤاڵ زیلان، کوشتنی کوردە، پاکتاوکردنی نەتەوەیەکە لەلایەن ڕژێمێکی فاشستەوە، کە هەرێمی کوردستانی کردۆتە گۆڕەپانی ئەو پاکتاوکردنە لەسایە و سێبەری یەکێتی و پارتیدا ."

 

لاڤە کوردە، ڕۆژنامەنووس، "چیتر باشوری کوردستان و سلێمانیش پارێزراو نییە، خیانەتکاران و دوژمنان بە ئازادی لە باشوری کوردستان، تیرۆر دەکەن."

 

پەروا عەلی، ئەندام پەرلەمان خولی پێشوو لە پەرلەمانی کوردستان، " ھەرێمی کوردستان بۆتە مەیدانی تیرۆری ئازادیخوازان، چونکە دەرگاو پەنجەرەی لەسەر پشتە."

 

نەجیبە مەحمود، ڕاگەیاندکار و چالاکوانی مافی ژنان، " ئاخ لەو شەرمەزاریە، کورد قەت جاشی لێ نابڕێت، نەفرەت لە تیرۆریستان، روحت شاد و رێگات پڕ رێبوار بێت."

 

بێریڤان موحەمەد، ڕۆژنامەنووس، سەرخستنی پارادایم و شۆڕشی " ژن ژیان ئازادی" باشترین وەڵامێکە بۆ تیرۆرکردنی هەڤاڵ زیلان.