سێ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ‌هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین

لە سێیەمین ساڵیادی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا لە باشووری کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

 

ناوەندی هەواڵ

 

لە سێیەمین ساڵیادی هێرشی دەوڵەتی تورك بۆ سەر عەفرین نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای كوردستان لە باشووری كوردستان لە سەكۆی ئازادی شاری سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

 لە كۆنگرەكەدا بەیاننامەی نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشووری کوردستان، بەرەی نیشتیمانی، ڕێكخراوی یەسنا و ئەنجومەنی پەنابەران خوێندرایەوە و ئیدانەی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیایان كرد بۆ سەر عەفرین، لە بەیاننامەكەشدا ئاماژەیان بەوەدا دەوڵەتی تورك لە عەفرین بە بەرچاوی هەموو هێزە نێودەوڵەتییەكانەوە كرداری دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.

 

عەفرین بە یەكێك لە گرنگترین كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا دادەنرێت، لە ٢٠١٣ ەوە دوای ئەوەی سوپای سوریا ئەو ناوچەیەیان لە دەستدا، یەكینەكانی پاراستنی گەل ئەركی پارێزگاریكردنی ناوچەكەیان گرتە ئەستۆ و لە ٢٠١٤ەوە وەك كانتۆنێكی ڕۆژئاوا ڕاگەیەندرا.

 لە ٢٠ی كانوونی دووەمی ٢٠١٨ توركیا  ئۆپەراسیۆنێكی  سەربازی بۆ سەر عەفرین دەست پێكرد بە ئامانجی چوونە ناو خاكی سوریا، لە عەفریندا ماوەی ٥٨ ڕۆژ لە لایەن یەپەگە و یەپەژە و دانیشتوانی عەفرینەوە بەرخۆدانی کرا، لە دوای ئەو بەرخۆدانییە چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا توانیان عەفرین داگیر بکەن و دەوڵەتی تورك هێزی ئازادی سوریای تێداجێگیر كرد، ئەو هێزەش ڕۆژانە چەندین كردەی تیرۆریستی لە شارەكەدا ئەنجام دەدەن، هەر لە ماوەی ئەو سێ ساڵەشدا بە سەدان ژن و ژنی گەنج لە لایەن چەتەکانەوە ڕفێندراون و دەستدرێژیان کراوەتە سەر.

 

ت.پ