سێ دەستگیرکراوی زیندانی ئێڤین: هاوڵاتیانی مەدەنی مەکەنە قوربانی شەڕ
لە شەشەمین ڕۆژی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، سێ ژنە زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین نامەیەکی کراوەیان بڵاوکردەوە کە ئاراستەی گەلی ئێران کرابوو، هۆشدارییان دا لە وێرانکارییەکانی شەڕ.

ناوەندی هەواڵ
نامەکەی سێ زیندانیەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە شەڕەکانی نێوان حکومەتەکان جگە لە قوربانیدانی هاوڵاتیانی مەدەنی بۆ پاراستنی دەسەڵات هیچی تر نییە، داوای کۆتاییهێنان بە دەستبەجێی ململانێکان و بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی لە دژی سیاسەتەکانی شەڕخوازانە دەکەن.
دوابەدوای بەردەوامی شەڕی ماڵوێرانکەری نێوان ئێران و هێزەکانی ئیسرائیل، ئەنیشا ئەسەدوڵا، ناهید خوداجو و نەسرین خزر جەوادی، سێ زیندانی سیاسی لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، ڕۆژی ١٨ی حوزەیران، نامەیەکی کراوەیان بۆ گەلی ئێران بڵاوکردەوە، هۆشدارییان لە بەردەوامیی ئەم شەڕە و لێکەوتە مرۆییەکانی داوە.
لە نامەکەدا هاتووە: ئێمە زیندانیانی سیاسی لە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین، ئەو شەڕە وێرانکەرەی حکومەتە سەرمایەدارییەکان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی نامرۆڤانە و پاراستنی بەرژەوەندی و دەسەڵاتی خۆیان بەڕێوەی دەبەن، شەرمەزار دەکەین، بیرتان دەخەینەوە کە هاوڵاتیان سوودی لێ وەرناگرن، بەڵکو ئەوان دەبنە قوربانیی سەرەکیی ئەو شەڕانە، هەرچەندە ئەوان هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە لە گڕگرتنی ئەو شەڕانە، گومانی تێدا نییە کە هاوڵاتیانی ئێران و هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکە شەڕیان ناوێت، چونکە شەڕە وێرانکەرەکانی سەپێنراو لەلایەن حکومەتەکانەوە، بانگەوازی ژیانی هەزاران کەسی بێ بەرگری و لاواز دەکەن و ژیانیان بەرەو خوارەوە پاڵدەنێت.
ئێمەی زیندانییە سیاسییەکان لە ناو زیندانەکانی ئێراندا بە بارمتە گیراون، هیچ ئەگەرێک لە پشت دەرگا ئاسنینەکانەوە بەرگری لە خۆمان نییە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە تایبەتەی بەسەرماندا سەپێنراوە، ئێمە زۆر لە خەمی ئێوەی ئازیز و ئازادیخوازی ئێرانداین، داواکارین بە زووترین کات ئەو شەڕەی بەسەر گەلەکەماندا سەپێنراوە کۆتایی پێبێت.