لە زاخۆ ژنێک کوژرا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ بڵاویکردەوە، ژنێکی گەنج لە زاخۆ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا، تیمێکی تایبەت ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و بەدواداچوون لە دۆسییەكە بەردەوامە.

ناوەندی هەوال
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ لە سنووری دهۆك لەبارەی کوژرانی ژنێک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: کاتژمێر ٨ی بەیانی ئەمڕۆ لە ناوەندی ئیدارەی زاخۆ ژنێکی گەنج بە ناوی (ن،أ،ع) تەمەن ٢٦ ساڵ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، شوێنەواری چەند گولـلەیەك بە جەستەی ژنەكەوە دیارە و دواتر تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سنوورەكە کراوە.
باس لەوەشکراوە، تیمێکی تایبەت ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و بەدواداچوون لە دۆسییەكە بەردەوامە.
لە ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان ۱٤ ژن کوژراون و ١٠ ژنی دیكەش بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە، دوو ژنی دیکەش بریندار بوون.