شێرپەنجەی هێلکەدان: نۆ نیشانەی بێدەنگ کە ژنان نابێت پشتگوێی بخەن

پسپۆڕانی پزیشکی ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەگەر لە سەرەتاییترین قۆناغدا نیشانەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان دەستنیشان بکرێت، لە هەر ١٠ ژن نۆ ژن لە ژیاندا دەمێننەوە و هەنگاوەکانی چارەسەرکردن ئاسان دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەریتانیا ساڵانە نزیکەی ٧ هەزار ژن تووشی شێرپەنجەی هێلکەدان دەبن، دوو لەسەر سێی ئەو ژنان لە تەمەنی ناوەڕاستدا تووشی شێرپەنجەی هێلکەدان دەبن و لە قۆناغی پێشکەوتووەی نەخۆشییەکەدا دەستنیشانی دەکەن واتە لە کاتێکدا کە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە قورسترە.

 

زۆرجار شێرپەنجەی هێلکەدان بە "بکوژی بێدەنگ" ناوزەد دەکرێت، چونکە بەزۆری نیشانەکانی ئاگادارکردنەوە کاتێک دروست دەبن کە نەخۆشییەکە گەیشتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، کە تاڕادەیەکی زۆر چارەسەر ناکرێت.

 

لە ڕاستیدا، ٤٤٪ی پزیشکانی گشتی بە هەڵە پێیان وایە نیشانەکان تەنها لە قۆناغەکانی دواتری نەخۆشییەکەدا هەن، شێرپەنجەی هێلکەدان نیشانەکانی لە سەرەتای نەخۆشییەکەوە دەردەکەوێت و ئەگەر بتوانرێت چارەسەربکرێت ئەوا هەنگاوەکانی چارەسەرکردن ئاسان دەکات، بەڵام زۆرجار شێرپەنجەی هێلکەدان دەستنیشان ناکرێت تاوەکو دەگاتە قۆناغی درەنگ بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی ناڕوونن.

 

ئەگەر لە سەرەتاییترین قۆناغدا نیشانەکان دەستنیشان بکرێت، لە هەر ١٠ ژن نۆ ژن لە ژیاندا دەمێننەوە، ئەمەش هۆشیاری دەستیشانکردنی نەخۆشەییەکە دەکاتە پێشەوە، هەستکردن بە ئازار و ئاوسانی سک و نەمانی ئارەزووی خواردن لە نیشانە باوەکانی ئاگادارکردنەوەی شێرپەنجەی هێلکەدانن، بەڵام ژمارەیەک نیشانەی دیکەش هەن کە دەتوانن ئاماژە بەو نەخۆشییە وێرانکەرە بکەن.

 

نیشانەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان بریتیە لە: ئاوسانی گەدە، لە دەستدانی ئارەزووی خواردن، ئازاری سک، پێویستی بە میزکردن خوێنبەربوونی نائاسایی لە زێ، ماندوویەتی بەردەوام و دابەزینی کێش.

 

ئەو ژنانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە، مەترسی زیاتری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی هێلکەدان هەیە، نیوەی هەموو حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە لە ژنانی ئەم گرووپە تەمەنییەدا ڕوودەدەن، مێژووی خێزان یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی مەترسی و نزیکەی ٪٥ بۆ ٪١٠ ی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان وا بیردەکرێتەوە کە بۆماوەیی بێت.