لە لەندەن تاوتوێی پرسی کورد و پڕۆسەی ئاشتی دەکرێت
لە “کۆنفرانسی ئاشتی و ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک”دا کە لە ٢٩ و ٣٠ـی ئەیلوولدا بە ئامادەبوونی پەروین بوڵدان و چەند کەسایەتییەکی دیکە لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، تاوتوێی پرسی کورد و ئەزموونە جیاوازە جیهانییەکان لە چارەسەریی ئاشتی لە ناوچەکەدا دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
لە لەندەنی پایتەختی ئێنگلتەرا، لە ٢٩-٣٠ـی ئەیلوول میوانداری کۆنفرانسێک دەکات، کە تێیدا چارەسەری سیاسی و دیموکراتیکی پرسی کورد و پڕۆسەکانی ئاشتیی نێونەتەوەیی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
کۆنفرانسەکە لەلایەن سەنتەری کاروباری کوردی (Centre for Kurdish Affairs) لە ٢٩-٣٠ـی ئەیلوول لە هامڵتۆن هاوس بە ناونیشانی “کۆنفرانسی ئاشتی و ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک” بەڕێوە دەچێت.
لە کۆنفرانسەکەدا چەندین سیاسەتمەداری کورد، ئەکادیمیست، رۆژنامەوان، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدار دەبن.
وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی بەریتانیا و جێگری سەرۆکوەزیران دیڤید لامی، هەروەها پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاران کاسرین وێست و بامبۆس چارالامبۆس ڕایانگەیاند، پشتگیری لە ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە دەکەن.
هەڵسەنگاندن بۆ ئەزموونە جیهانییەکانی ئاشتی دەکرێت
لە ٢٩ـی ئەیلوول، لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا، پڕۆسەکانی ئاشتی لە ئێرلەندای باکوور، کۆلۆمبیا، ئەفریقای باشوور، هەرێمی باسک، کەتەلۆنیا و تیرۆلی باشوور هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
ناونیشانەکانی وەک دانوستان و دیالۆگی سیاسی، پەڕینەوە لە شەڕەوە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک، چەکدانان، سەرلەنوێ ئینتیگراسیۆن، دابەشکردنی ئەرک، خۆبەڕێوەبەریی و گرەنتییە دەستورییەکان بەپێی ئەزموونی وڵاتانی جیاواز هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
ڕۆژی دووەم بۆ پرسی کورد تەرخان دەکرێت
لە دانیشتنەکانی ٣٠ـی ئەیلوول، دووەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا، ڕاستەوخۆ لایەنە سیاسی، یاسایی، کۆمەڵایەتی و هەرێمییەکانی پرسی کورد هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
لەگەڵ گفتوگۆکان لەسەر داهاتووی سیاسەتی کورد، نوێنەرایەتیی دیموکراتییەکان، ئیدارە خۆسەرییەکان و ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و دیاسپۆرا، هاوکات ڕووداوەکانی تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران لەسەر کوردیش هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
لەگەڵ پەروین بوڵدان، گوڵتان کشاناک، گولستان کلیچ کۆچیگیت، سەڕپیل کەمالبای و عوسمان بایدەمیر، چەندین ئەکادیمیست، ڕۆژنامەوان و شارەزای پڕۆسەکانی ئاشتیی نێونەتەوەیی لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبن.