فەتانەی وەلیدی؛ جەوهەری مۆسیقاو گۆرانی کوردیی
فەتانەی وەلیدی ژنێکی دەنگخۆش و هونەرمەندی باڵای سەردەمی خۆی و رێچکەشکێن بوو، بە دەنگە زوڵاڵ و نایابەکەی دڵی زۆر کەسی خۆش دەکرد، خاوەنی دەیان گۆرانی و شاکاری هونەرییە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی فەتانە وەلیدییە، یادی ماڵئاوایی ئەم ژنە گەورەیە تەنیا بەسەرکردنەوەی ژیاننامەی هونەرمەندێک نییە، بەڵکو ڕێزلێنانی ئیرادەی ژنێکە کە ئازارەکانی کردە هەوێنی نەمری و تا دواساتەکانی ژیانی لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی پارچەکان وەک سیمبول مایەوە.
فەتانەی وەلیدی ساڵی ١٩٥٣ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، یەکێک بوو لە یەکەمین و ڕێچکەشکێنترین ژنە گۆرانیبێژەکانی مۆسیقای کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خاوەنی دەنگێکی زولال، تایبەت و دلنشین بوو.
فەتانە وەلیدی لە ساڵانی حەفتاکاندا لە ڕێگەی ڕادیۆی سنە و ڕادیۆی کوردیی کرماشانەوە بەرهەمە جوانەکانی تۆمار دەکرد؛ لە ماوەیەکی کورتدا توانای دەنگی و سۆزی جیاوازی بووە هۆی ئەوەی ببێتە چرایەکی گەش لە تەلاری مۆسیقای ڕەسەنی کوردیدا.
چەندین گۆرانی ڕەسەن و فولکلۆری کوردی پێشکەش کردووە، لەوانە "لای لای گوڵم لای"، "ئەی دڵی خەمینم"، و "شیرین تەشی دەڕێسێت".
سەرجەمی ئەو گۆرانییانەی لە ڕادیۆکان لێی تۆمار کراون دەگاتە ٥٦ گۆرانی، بەڵام تەنیا یەک ئەلبوومی بە فەرمی بە ناوی “بولبول” بڵاو بووەتەوە؛ ئەم ئەلبوومە کۆمەڵە شاکارێکی نەمری وەک (شیرین گیان)، (گوڵە گیان)، (شکۆفە)، (بێ قەرارە)، (یاخوا بە خێر بێی)، (ئومێدی دڵم)، (ئەی یاری نازدارم)، (ئەی دڵی غەمینم)، (غەریبم) و (هەر کەس عاشق بێت) لەخۆ دەگرێت.
فەتانەی وەلیدی لە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە شاری سنە کۆچی دوایی کردو یاد و دەنگی وەک چریکەیەکی ڕەسەن لە مێژووی هونەری کوردی بە نەمری ماوە.