عێراق مەترسییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەخاتە ڕوو
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق هۆشداری لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەدات و ئاماژەش بەوە دەکات مەترسی هێرشکردنی تورکیا بۆ سەر عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
ناوەندی هەواڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەی گارە لە سۆمریە نیوزەوە باس لە مەترسییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات کە دەکرێت لە داهاتوودا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە و لە بارەگاکانییەوە هێرش بکاتە سەر عیراق، باس لە بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات و دەڵێت بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق فراوان و گەورەن و لە هەر ساتێکدا ئەنقەرە دەتوانێت دژی عێراق بەکاریان بهێنێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پێشی وایە حکومەت و پەرلەمانی عێراق بێدەنگ و بێ هەڵوێستن دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە تا ئێستا عێراق نەیوێراوە داوای یاسایی دژ بە سنور بەزاندنەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق لای دادگا نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار بکات.
ت.پ