پەیامی یەکگرتووی و بەرخۆدان لە قەندیل درا
بە بەشداری دەیان هەزار کەس لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە لە قەندیل، ماوەی زیاتر لە پێنج کاتژمێر بە بەشداری کۆمەڵێک هونەرمەند ئاهەنگی نەورۆز لە قەندیل بە دروشمی "بە ڕۆحی سەرکەوتنی گارە نەورۆزی ئازادی پیرۆز دەکەین" بەڕێوەچوو،
بە بەشداری دەیان هەزار کەس لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە لە قەندیل، ماوەی زیاتر لە پێنج کاتژمێر بە بەشداری کۆمەڵێک هونەرمەند ئاهەنگی نەورۆز لە قەندیل بە دروشمی "بە ڕۆحی سەرکەوتنی گارە نەورۆزی ئازادی پیرۆز دەکەین" بەڕێوەچوو.
ناوەندی هەواڵ
لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ٢١ی ئازار لە قەندیل ئاهەنگی نەورۆز بە دروشمی "بە ڕۆحی سەرکەوتنی گارە نەورۆزی ئازادی پیرۆز دەکەین" دەستیپێکرد، کە لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆز ڕێکخرابوو، دەیان هەزار کەس لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان، هەروەها پارچەکانی دیکەی کوردستان بە جلی کوردی ڕەنگاوڕەنگەوە بەشداربوون لە ئاهەنگی نەورۆزدا.
لە سەرەتایی ئاهەنگەکەدا ئاگری نەورۆز لەلایەن خێزانی شەهیدانی چوارپارچەی کوردستانەوە کرایەوە، کۆمەڵێک دروشم وهۆنراوە بۆ جەژنی نەورۆز خوێندرایەوە، دواتر، هەریەک لە کەجەکە، تەڤگەری ئازادی کوردستان، ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل، کەژەکە، کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان و ڕژاک بەیاننامەی خۆیان پێشکەشکرد.
لە بەیاننامەکەیاندا کۆما ژنانی کوردستان-کەژەکە کە لەلایەن باڵا عومەر، ئەندامی کەژەکە خوێندرایەوە، جەخت لەسەر ئازادی ژنانی کورد کرایەوە، لە وتارەکەدا هاتبوو "هەتا ژن ئازاد نەبێت کوردستان ئازاد نابێت، هەروا بە ئاسانی ئەو قسەیە نە گوتراوە، لە ئەنجامی تێکۆشانی سەدان ساڵەی لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵگا ئەوە دەرکەوتووە، ئەوەی کە ئازادی پێ ڕەوایە و خاوەنی قوربانی هەرە گەورەیە ژنانی کوردن"
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاتبوو "سیستەمی پیاوسالاری ژن وەکو ڕەگەزی دووەم دەناسێنێت، خۆسووتاندن، خۆکوشتن، هەتا فرۆشتن لە تەمەنێکی بچووکدا دەریدەخات هێشتا ژنانی کورد لە تراژیدیایەکی گەورەدا دەژین، ژنانی کورد شایەنی ئەم جۆرە ژیانە نین، وەکو تەڤگەری ژنان ئێمەش بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبووڵ ناکەین".
دواتر لەلایەن لاڤان عومەر، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک وتاری ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە، کە ڕژاک هیوا دەخوازێت ئەم نەورۆزە ببێتە نەورۆزی یەکڕیزی ژنانی کورد، داواشدەکەن هەرچی زووترە کۆنگرەی نەتەوەیی ژنان ببەسترێت، چونکە ژن بە یەکێتی و یەکڕیزی خۆی دەتوانێت تێکۆشان بۆ ئازادی بەهێزبکات و مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت.
پاشان چەند پارچە میوزیک و گۆرانی لەلایەن تیپی میوزیکی شەهید سەرحەد و شەهید سەردەشت پێشکەش کرا، ئامادەبووان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پیرۆزبایی خۆیان دەکرد، دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕی.
دواتر هەریەک لە هونەرمەندان، چۆپی فەتاح، ناسر ڕەزازی، دیاری دەرسیم، شیلام عوسمان، بەختیار ساڵح، چەندین گۆرانی شاد و نیشتمانییان پێشکەشی ئامادەبووان کرد، ئەوانیش بە چەندین ڕیز و شێوەی جۆراوجۆر دەست لەناو دەست هەڵدەپەڕین و جۆش و خرۆشی گەرمیان بە ئاهەنگەکە بەخشیبوو، پەیامی یەکگرتووی و بە گوڕ کردنی تێکۆشان و خەباتیان بە جیهان دا.
لە قەندیل جگە لەوەی هەزاران هاوڵاتی بەشداری ئاهەنگەکە بوون، ستاندی کتێب دانرابوون بۆ کتێبەکانی ژنۆلۆژی و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چەندین کتێبی دیکە، هەروەها دەیان کەسی دیکەش وەک دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی داهاتێک، چا، شیرینی، محەلەبی، کاری دەستی و لەفەیان دەفرۆشت.
ت.پ