کاتژمێرێک بۆ پشوودانی زەوی

ئەمساڵ زیاتر لە حەوت هەزار شار و شارۆچکە لە جیهاندا بەشدارییان لە کەمپەینی "کاتژمێری زەوی"کرد، بۆ ماوەی کاتژمێرێک گڵۆپیان کوژاندەوە، لە هەرێمی کوردستانیش بەشداری کەمپەینەکە کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

"کاتژمێری زەوی" کەمپیەنێکە، وەک زەنگێک بۆ هۆشیارکردنەوەی جیهان لە پیسبوونی کەشوهەوا، ساڵانە کۆتا شەممەی مانگی ئازاری هەموو ساڵێک بۆ ماوەی کاتژمێرێک "لە ٨:٣٠ بۆ ٩:٣٠"ی شەو کارەبا و گڵۆپەکان دەکوژێندرێنەوە.

 

بۆ ئەمساڵیش زیاتر لە حەوت هەزار شار و شاورۆچکەی جیهان بەشدارییان لەم کەمپەینەدا کردووە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٧ لە شاری سیدنی لە ئوستورالیا ئەم کەمپەینە دەستی پێکرد، کە گڵۆپەکان دەکوژێنەوە و مۆم دادەگیرسێت.

 

پەیامی ئەم کەمپەینە هۆشیارکردنەوەی تەواوی جیهانە لە پیسبوون و گۆڕانکاری کەشوهەوا، پاراستنی سامانی ئاو و کارەبایە، ڕێکخەرانی کەمپەینەکە، ئەم کەمپەینە بە هۆکارێک بۆ پاراستنی زەوی بەرامبەر پیسبوونی کەشوهەوا دەزانن، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانەوە هەیە.

 

ئەمساڵ ئەم چالاکییە بە دروشمی "هەموومان یەک دەنگین بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا و لە دەستدانی سروشت" ئەنجام درا، لە سیدنی وەک یەکەم پایتەخت زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی بەشدارییان لە کەمپەینەکەدا کرد، دواتر شوێنە دیارەکانی جیهان وەک، بورجی ئیڤڵ لە فەرەنسا، دەروازەی براندینبێرگ لە بەرلین، باڵەخانەی پەرلەمان لە لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا کارەبا کوژێندرایەوە، لە هەرێمی کوردستانیش لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بەشداری کەمپەینەکە کرا.

 

ت.پ