دایکان نەورۆزی ئەمساڵیان کردە نەورۆزی بەرخۆدان
شەهناز ئەکمەلی وگەوهەر عەشقی و دایکانی دیکە کە ڕۆڵەکانیان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژراوە، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە پەیامی نەورۆزی خۆیان بڵاوکردەوە.
شەهناز ئەکمەلی وگەوهەر عەشقی و دایکانی دیکە کە ڕۆڵەکانیان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە گیانیان بەختکردووە، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە پەیامی نەورۆزی خۆیان بڵاوکردەوە.
ناوەندی هەواڵ
نەتەوە جیاوازەکانی ناو ئێران و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە نەورۆزیان پیرۆز کرد، هەرچەندە زۆرێک لە حکومەتەکان هەوڵ دەدەن ئەو ڕۆژە تەنها وەک پیرۆزباییەکی هاتنی ساڵی نوێ پێناسە بکەن، بەڵام ئەو گەلانەی یادی نەورۆز دەکەنەوە، هەوڵ دەدەن نەورۆز بکەن بە بەرخۆدانێک لە دژی زوحاکی سەردەم و تێکۆشان لە دژی زوڵم و زۆرداری.
دایکان و ژنان لەم تێکۆشانەدا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە و هەمیشە تێکۆشانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی کردووە، ئەو دایکانەش کە ڕۆڵەکانیان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژراوە، ئەمساڵیش نەورۆزیان کردە دەرفەتێک بۆ تێکۆشان، خۆڕاگری، بەدواداچوون و تۆڵەکردنەوەی خوێنی ڕۆڵەکانیان. ئەو دایکانە سەرەڕای هەموو ئەو زەحمەتی و ئاستەنگانەی کە لەلایەن ژێمی ئێران ڕووبەڕوویان بوەتەوە، بە پیرۆزکردنی نەورۆز کە یادێکی مێژووییە و سەرەتای ساڵی نوێیە، پەیامی تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆیان بە جیهان و ڕژێمی ئێران گەیاند.
دایکی حامد سەیف پەناهی، کە کوڕەکەی ئەندامی کۆمەڵە بووە و لە ساڵی ٢٠١٧ دا لەسەر ڕێگای مەریوان - سنە لەلایەن ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە کوژراوە، لەو شوێنەدا کە کورەکەی گیانی لەدەستداوە، بە دروشمی "بژی کوردستان"، ئاگری نەورۆزی ئەمساڵی هەڵکرد، داوایی بەشدار بوون لە بەرخۆدان و خۆڕاگری کرد و ئاهەنگی گێڕا.
گەوهەر عەشقی دایکی ستار بەهەشتی، لە پەیامی نەرۆزی ئەمساڵیدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەو کرێکارانە دەربڕی، کە بۆ مافەکانیان خەبات دەکەن، هەروەها ئاماژەی بە لە دەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان بە دەستی ڕژێمی ئێراندا و وتی: خوێنی زۆرێک لە گەنجانمان بە دەستی ئێوە ڕژاوە، بەزوویی ئێوە لە ناودەچن، هەروەها بانگ لە گەلانی ئێران دەکات کە یەکبگرن و درێژە بە تێکۆشانەکانیان بدەن.
زۆرێک لە کەسوکاری گیانبەختکردووان چوونە سەر گۆڕی ڕۆڵەکانیان و داوای لەناوچوونی بکوژی ڕۆڵەکانیان کرد، دایکانی گیانبەختکردووان وێنەی منداڵەکانیان لەسەر سفرەی حەوت سین دانا و داوای دادپەروەرییان بۆ ئێران کرد .
هەروەها بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە بەردەم زیندان، بە یادکرنەوەی نەرۆز و سەری ساڵی نوێ داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیان کرد .
لەم ڕۆژانەی دواییدا و لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێ، هاشتاگی "نا بۆ کۆماری ئیسلامی" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەمەبەستی پشتیوانی لە دایکانی کوژراوان و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی دەستی پێکرد.
بە مەبەستی پشتگیری دایکانی گیانبەختکردوان، بەشێک لە خێزانەکان وێنەی ئەو گەنجانەی کە لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا گیانیان بەخشیوە لەسەر سفرەی حەوت سین دانا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو وێنانەیان بڵاوکردەوە.
ت.پ