لە عێراق، زۆرترین توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە
کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند ساڵی ڕابردوو ١٥ هەزار سکاڵا بۆ توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە.
کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو ١٥ هەزار سکاڵا بۆ توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە.
ناوەندی هەواڵ
کۆمسیۆنی باڵای عێراق ئاشکرای کرد ساڵی رابردوو نزیکەی ١٥ هەزار سکاڵای تایبەت بە توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە.
عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، پڕۆژە یاسایەک هەیە دژی توندوتیژی خێزانی لە عێراق بۆ لێپرسینەوە و ڕێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەندامانی خێزان، ئەو یاسایەش دەزگاکانی ئاراستە کردووە بۆ کارکردن بۆ هۆشیاری و دابینکردنی هەموو ڕێگە چارەیەک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی.
هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتی لە توندوتیژی خێزانی و ڕێگریکردنی لە ڕێگەی ئەو پڕۆگرامانەوە دەکرێت کە بە ئامانجی پاڵپشتی کردنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت دەرونی خێزانییەوە دەکرێن هەروەها لە ڕێگەی ئەو بەرنامانەی کە لەلایەن دەزگا تەندروستی و تەنانەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیاکانەوە پێشکەش کراوە بۆ پاراستن و بنیادنانەوەی خێزان.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد "دوایین ئاماری توندوتیژی خێزانی لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠ تۆمارکراوە، بەشی زۆرینەیان ژنن و کۆی گشتی دەگاتە نزیکەی ١٥ هەزار سکاڵا".
لە کۆتایدا، باس لەوە دەکات هیچ بەدیلێک بۆ زیانلێکەوتوانی توندوتیژییە خێزانییەکان لە کۆمەڵگای عێراقیدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە پشت بە بنەماکانی ئاشتبوونەوە دەبەسترێت کە ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە، چونکە بە بێ هیچ مسۆگەربونێکی ژیانیان دەگەڕێنەوە لای تاوانبارەکە، لە توندوتیژی خێزانیدا زیانلێکەوتوی یەکەمی ژنان و منداڵانن.