پەیامی شەڕڤانانی یەپەژە لە زیندانی ئەقتانەوە

شەڕڤانانی یەپەژە ڕایانگەیاند کە لە بەندیخانەی ئەقتان بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" گرتەیەکی ڤیدیۆیییان لە زیندانی ئەقتانی شاری ڕەققە بڵاوکردەوە، کە چەتەکانی داعش تێیدا دەستبەسەرن و ئیرادەی خۆیان بۆ بەرخۆدان دەربڕی.

 

پەیامی شەڕڤانانی یەپەژە بەم شێوەیەیە: ئێمە بەرگری لە زیندانی ئەقتان دەکەین لە بەرامبەر هێرشەکاندا، کە هەزاران چەتەی داعش تێیدا دەستبەسەرن، ئەو چەتانە هەڕەشە لە ئاسایشی جیهان دەکەن. ئێمە لێرە بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئاسایشی جیهان. ئێمە دوو ڕۆژە ئەم شوێنەمان بەجێنەهێشتووە سەرەڕای هەموو هێرشەکان بۆ سەر ئەم شوێنە. وەک یەپەژە دەزانین کە ئێمە هێزێکین کە بووینەتە موڵکی مرۆڤایەتی، بۆیە تا دوا هەناسە لێرە بەردەوام دەبین لە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی.

 

"دەبێت جیهان لێرە بەرخۆدان ببینێت"

بە تانک و تۆپ و فڕۆکەوە دێنە سەرمان. ئێمە لێیان ناترسین. ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان. جیهان دەبێت لێرەدا بەرخۆدان ببینێت. دەبێت گوێ لە دەنگی ئێمە بگرێت، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان تا دوا دڵۆپی خوێن بەرخۆدان دەکەین، با هەمووان ئەمە بزانن.