"پێویستە هەموو گەلان گوێ لە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد بۆ ئاشتی و دیموکراتیک بگرن"

ڕەمزیە محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤ-دەم جەختی لەوە کردەوە کە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وەڵامێکە بۆ قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەتوانێت چارەسەرێکی هەمەلایەنە بێت بۆ هەموو پرسەکانی ناوچەکە.

پێلین نوپەلدا

 

قامیشلۆ-قۆناغێکی نوێی گۆڕانکاری بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکردووە، کە لە چوارچێوەی ئەو خەباتەی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا پێشەنگایەتی دەکات، بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی دەستپێکردووە.

 

ڕەمزیە محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤ-دم ڕایگەیاند، بانگەوازی مێژوویی بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" ستایشی بەرفراوانی کۆمەڵگەی وەرگرتووە، وتیشی: ئێمە وەک گەلی کوردستان، دەچینە قۆناغێکی نوێوە، بەتایبەتی دوای ٤٦ ساڵ خەبات و قوربانیدانی زەبەلاح، ئێستا قۆناغێکی جیاواز دەست پێ دەکات و لەمەودوا دەبێت سەرمایەگوزاری لەم خەباتە بکرێت، ئێمە لە ساتەوەختە مێژووییەکاندا دەژین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرسانەی کەوتنە سەر پەکەکە بەدیهاتوون، دەوڵەتی تورکیاش دەبێت هەنگاوی عەقڵانی و کردەیی بنێت، خاڵی ناوەکی ئەوەیە کە دەبێت توندوتیژیەکان بوەستێن و هەموو دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن، لەڕێگەی ئەم بانگەوازەوە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرپرسیارێتییەکی سەرەکیی خستۆتە ئەستۆی هێزەکانی و  ئەم قۆناغەش دەبێت بە شێوەیەکی یەکگرتوو جێبەجێ بکرێت.

 

"٤٦ ساڵ لە پاراستنی بوون و مافەکانی گەلی کورد"

ڕەمزیە محەمەد ڕوونیشیکردەوە، قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەڵوێستێکی ڕاستی هەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگە بەگشتی بە ڕێکخراوەکانی ژنانیشەوە، وتی: پێویستە هەمووان پێشەنگایەتی بکەن و ڕۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن، پێویستە هەنگاوی گەورە بنرێت و هەیەجان لەم قۆناغەدا دەربکەوێت، ڕاستە ئاشتی بە هەموو لایەک بەدی نایەت؛ تەنها ئەوانەی هۆشیاری و هێزیان هەیە دەتوانن پێشەنگایەتی بکەن، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا دان بە مافەکانی گەلاندا بنێت و قبوڵی بکات، ئەوا کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دروست دەبێت و پرسەکانی زمان و کولتوور و گەلان چارەسەر دەبن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ بانگەوازی ئاشتی و دیموکراتی "پیرۆز و گرنگن"، هەربۆیە دەبێت ئەم قۆناغە سەرکەوتوو بێت، ئەو شەڕەی گەلی کورد بەدرێژایی ساڵان بەڕێوەی برد بۆ پاراستنی بوون و ماف و دۆزی خۆی بووە، تەڤگەرەکانی ڕابردوو و ئێستای کورد هەمیشە هەوڵی پاراستنی خۆیان و بوونیان داوە.

 

"پڕۆژەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاراستەی هەموو گەلان دەکات"

ڕەمزیە محەممەد ئاماژەی بەوەدا کە کاریگەریی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی" باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو سوریا دەگرێتەوە، ئەو پڕۆژە و بانگەوازەی کە پێشکەشی کرد، ئەمڕۆ وەک مۆدێلێک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ دەکرێت، لە ڕێگەی بونیادنانی سیستەمێکی نەتەوەیی دیموکراتیکەوە کە بتوانێت ببێتە نموونەیەک بۆ هەموو گەلان لە چۆنیەتی پاراستنی خۆیان لە هەژموون و پێکەوە ژیان لەسەر بنەمای مافەکان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمڕۆ دەبینین چۆن ڕێز لە کولتوور و بەهاکانی گەلان دەگیرێت لە ڕێگەی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، خۆبەڕێوەبەری، مافی ژنان و دەرکردنی یاسای خۆیان. ئەم پایانە بناغەی ئەم مۆدێلەن.

 

"وەک ژن دەبێت بە شێوەیەکی پراکتیکی ڕۆڵی خۆمان بگێڕین"

ڕەمزیە محەمەد ڕوونیکردەوە کە خەباتی ئەو بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت هەمیشە بەردەوام بێت وتی: پێویستە هەموو ژنانی گەلانی جیاواز لەم قۆناغەدا پێشەنگ بن و بە داوای ئاشتی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، زۆر گرنگە ئێمە سەرەتا ڕۆڵی ڕێکخراوەیی خۆمان ببینین، ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ئەزموونیان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا هەیە، هەروەها ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، دەبێ پشتیوانی لە بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و ڕۆڵ و پەیامەکەیان بەجێبهێنن، وەک ژن دەبێت ڕۆڵی خۆمان بە شێوەیەکی کردەیی بسەلمێنین و بگێڕین، لەڕێگەی یەکێتییەکی بەهێز و هاوپشتی هاوبەشەوە دەتوانین پڕۆژەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە باوەش بگرین و جێبەجێی بکەین.

 

ڕەمزیە محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بۆ ئەوەی جەنگی جیهانی سێیەم کۆتایی بێت و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بێت، تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردن لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوەیە کە لەسەر بنەمای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دامەزراوە، هەوڵ و لێکۆڵینەوەکانی هەمیشە ئامانجیان پاراستنی گەلان و مافەکانیان و گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی بووە، پڕۆژەی کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتی بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕانەی کە ناوچەکە وێران دەکەن، پێویستە گەلانی زیاتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری ئەو بانگەوازە مێژووییە بکەن، چونکە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا مافی هەموو گەلان مسۆگەرە، کە پارێزگاریکردن مسۆگەر دەکات و چارەسەر بۆ قەیرانەکانی ئێستا دەڕەخسێنێت.