پێشانگایەکی دژ بە توندوتیژی لە مەیدانی ژنی ئازاد نمایشکرا

ڕێکخراوی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات پێشانگایەکی وێنەیی لە کۆبانێ وەک بەشێک لە ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی دژ بە توندوتیژی دژی ژنان ڕێکخست.

کۆبانی

 

وەک بەشێک لە چالاکییەکانی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمڕۆ پێشانگایەکی وێنەیی بە دروشمی "تێبکۆشە، داگیرکاری و توندوتیژی تێکبشکێنە" کرایەوە.

 

پێشانگاکە کە ڕۆژێک دەخایەنێت لە ٣٥ تابلۆ پێکهاتووە کە کێشراون و چاپ کراون، تابلۆکان دەربارەی ئەو ژنانەیە کە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، ئەو ژنانەی کە لەبەرامبەر توندوتیژی سەرهەڵدەدەن، هەروەها وێنەی ژنانی تێکۆشەر کە بە شێوازی جیاواز ژیانیان لەدەستداوە نمایشکراون، بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی پێشانگای دانیشتوانی کۆبانێ و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان بەرەو گۆڕەپانی ژنانی ئازاد بەڕێکەوتن.

 

"دەمانەوێت ئاستی توندوتیژی نیشان بدەین"

نەورۆز موسلیم، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری و ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات سەبارەت بە پێشانگاکە بە ئاژانسەکەمانی وت: "ئێمە وەک کۆنگرەی ستار بەرنامەمان بۆ ڕۆژی جیهانی دژ بە توندوتیژی بڵاوکردەوە لەسەر ئەم بنەمایە تشرینی دووەم پڕکراوە لەو چالاکییانەی کە پێشانگایەکی فۆتۆگرافیی زنجیرە چالاکییەکانی ئەمڕۆمانن، لەڕێگەی ئەم پێشانگایەوە دەمانەوێت بارودۆخ و ئاستی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان نیشان بدەین نەک تەنیا توندوتیژی جەستەیی بەڵکو شێوازەکانی تری توندوتیژیش هەروەها وێنەی ئەو هەڤاڵانەمان هەڵواسیوە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی گیانیان لەدەستداوە".

 

"دەبێت تێکۆشانمان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بکەین"

ئەڵماز رۆمی، ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتی "پەیەدە" کە سەردانی پێشانگاکەی کرد وتی: "ئەمڕۆ کۆنگرەی ستار ئەم چالاکییەی لە شوێنێکی پیرۆزدا ڕێکخستووە، مەیدانی ژنانی ئازاد ئەم ناوچەیە شوێنێکی زۆر مانادارە بۆ ئێمەی ژنان چونکە ئاستی خۆڕاگری و خەبات و سەرکردایەتی ژنان لە شەڕی کۆبانی و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان نیشان دەدات، کاتێک سەیری وێنەکانی پێشانگاکە دەکەیت هەست بە ئاستی توندوتیژی و ئازار و زۆرداری دەکەیت کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت بۆیە ئەم پێشانگایە پەیامێکی بەهێزە بۆ گەیاندنی شێوازەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بۆیە پێویستە ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ تێکۆشانیان زیاتر بکەن و گرنگی بە خۆیان بدەن".