پەرێز عومەر: بەڕێز ئۆجالان ئازایانەو بوێرانە هەوڵی ئاشتی دەدات
پەرێز عومەر، چالاکوان دەڵێت: بەڕێز ئۆجالان ئازایانەو بوێرانە هەوڵی ئاشتی دەدات و دەبێت کورد یەکگرتووانە و بەرپرسیارانە بۆ دۆزە ڕەواکەی هەوڵ بدات.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی- بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ی شووباتی ٢٠٢٥دا، بۆ ئاشی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لە پەیامێکدا بانگەشەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشنیارکرا، تێیدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بە بەستنی ١٢یەمین کۆنگرەی پەکەکە پێشنیاری لەناوبردنی چەک و خۆ نوێبونەوەی لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە ی کرد، لە دوای ١٢یەمین کۆنگرەی پەکەکە، پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵآتی ناوەڕاستدا بە پرسێکی گرنگ لە لایەن پارتە سیاسیی و لایەنەکانی تەواوی پارچەکانی کوردستانەوە لێی دەڕواندرێت، ئەمڕۆ بۆ نیشاندانی نیازپاکی ژمارەیەک گەریلا لە بناری قەندیلی سنووری سلێمانی چەکەکانیان لەناو دەبەن.
پەرێز عومەر، چالاکوان سەبارەت بە پرسی ئاشتی و ئەو هەنگاوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: وەک دەوترێت ئاشتی قورسترە لە شەڕ، بڕیاردانی ئاشتی پیاوو ژنی ئازای دەوێت، ئەوەی بەڕێز ئۆجالان هەوڵی بۆ دەدات یەکەم جاری نییە، نەتەوەی کوردیش یەکەم جار نییە هەوڵی بۆ دەدات و دەیەوێت لە ئاشتیدا مافەکانی بەدەست بهێنێت، بەڵام بەداخەوە داگیرکارانی کوردو کوردستان، داگیرکارانی نیشتیمان ویستوویانە بە توندوتیژی کورد لەناو ببەن، دۆزەکەی کۆتایی پێبێنن ، خۆشبەختانە نەیاتوانی هەتا گەیشتینە قۆناغی ئەمرۆ.
"بەڕێز ئۆجالان ئازایەن بوێرایانە هەوڵی ئاشتی دەدات"
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەڕێز ئۆجالان ئازایانەو بوێرانە هەوڵی ئاشتی دەدات، هەوڵ دەدات ئەو خوێنڕشتنەی لە ناوچەکە هەیە بە تایبەت ١٠٠ ساڵە لەگەڵ کوردو داگیرکارانی کوردستان، کۆتایی پێبێنێت و سنوورێکی بۆ دابنێت ، خۆ پەکەکە یەکەم جارنییە ئەم بڕیارە دەدات بۆ پرۆسەی ئاشتی پێشتریش ئەم هەنگاوەیان نا، کورد فێری شۆڕشگێڕی بووە، کورد نەتەوەیەکی ئازایە، هەوڵی مافەکانی خۆی دەدات، ئەگەر لەم پرۆسەیەش سەرکەوتوو نەبین ، دڵنیام کورد زۆر بە ئاسانی بڕیاری هەڵگرتنەوەی چەک دەدات، بۆیە ئەوەی گرنگە هەرچی لە تواناماندا هەیە بیخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەی ئاشتییە سەربگرێت، بتوانین ئاشتییەک لە ناوچەکەدا بەرقەرار بکەین کورد بتوانێت تێیدا بە ئارامی ژیان بەسەر ببات، گرنگە پارت و سیاسییە کوردییەکان یەکگرتووانە هەنگاو بۆ ئەم پرۆسەیە بنێن کە زەمینەیەکی نێودەوڵەتی هەیە زۆر گرنگە، پێموانییە لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوو بە ئەندازەی ئێستا کورد دەرفەتی باشی بۆ ڕەخسابێت و زەمینەی باشی هەبووبێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئازایانە مەفەکانی بەدەستبهێنێت،
"ئاسان نییە داگیرکەر دەستبەرداری توندوتیژی ببێت"
ئەوەشیخستەڕوو کە داگیرکەرێک کە ماوەی ١٠٠ ساڵكە خوێن و وجودی کۆمەڵگەیەک هەڵدەمژێت، خاکەکەی بەهەموو شێوەیەک بەکاردێنێت، ئاسان نییە ئێستا دەستبەرداری توندوتیژی بێت، ئاسان نییە ئەوەی ١٠٠ ساڵە بە دوژمنی پێنادسە دەکات ئیستا لە تەنیشتی بێت، ئەم کردەوە توندوتیژیانە چاوەڕوان کراو، دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبین و لەگەڵی هەڵسوکەوت بکەین، ئەوەی گەریلا دەکات بەرگری و خۆپاراستن، حاڵەتێکی ڕەوایە، هێرش ناکەین بەڵام خۆمان دەپارێزین، ئەمە بۆ هەرکەس نۆرماڵ و ڕەوایە، پێموایە ئەمەس کۆتایی پێدێت، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بێت، بێگومان کۆتایی بە توندوتیژی یەت، لەبەرەی تورکیا دوو بۆچوونی جیاواز هەیە، بۆچوونێک واقیعیانەیە، دەزانێت ئیتر ناتوانێت وەک ١٠٠ ساڵی ڕابردوو خەریکی خوێنمژین بێت، بۆیە دەیەوێت بە کەمترین زیان لێی دەربچێت و ئاشتی قبوڵ بکات، ئاشتییەک کەبەسەری سەپێندراوە قبوڵ دەکات، ئاشتییەک لە ئەنجامی خەبات و بەرخۆدانی گەلێکی چەوساوە بەسەریدا سەپێندراوە، بەرەیەکی دیکە هەیە تا ئێستا قبوڵی نییە، ناتوانێت ئەو واقیعە قبوڵ بکات، بۆیە دەبێت نەتەوەی کورد لەگەڵ یەو بەرەیەی هاتووەتە ژێر باری قبوڵ کردنی ئاشتی یەکگرتوو بن بۆ وەستاندنی ئەو توندوتیژییەی کە هەتا ئیستا لایەنەکانی تر ئەوانەی شەڕیان دەوێت کە ئاشتتیان قبوڵ نییە، بوەستێنن و سەرکووتوو دەبن.
"ژن هەمیشە ئاشتیخوازە"
لە کۆتایی قسەکانیدا پەرێز عومەر وتی: ژن هەمیشە بوونەوەرێکی ئاشتیخوازترە، ئەگەر بەدرێژایی مێژوو سەیر بکەین ژنان هەمیشە ڕۆڵێکی ئاشتیانەیان بینیوە، بێگومان ئەمجارەش ژنان ڕۆڵێکی کاریگەرییان دەبێت، ژنان دەتوانن ڕۆڵی باشتر ببینن، لە ڕۆڵبینی ژن گرنگتر یەکگرتوویی کوردە، لەو ڕۆژەی کوردستان پارچە کراوە تا ئێستا کوردڤ باجی پەرتەوازەیی خۆی داوە، هەمیشە دوژمان و داگیرکەران لەڕێی پارچەبوونی کوردەوە دەستیان هێناوەتە ناو خەبات و جارێکی دیکە کوردیان چەوساندۆتەوە، بۆیە گرنگە هەموو تاکێکی کورد بە تایبەت سەرکردە سیاسدییەکان مێژوویەکی جوان بۆخۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی کە لەیەک نزیک ببنەوە، بۆ ئەوەی ئەمجارە بۆ جارێکیش بێت سەرکردەکانی کورد بەرپرسیارانە لەگەل دۆزە ڕەواکەی هەڵسوکەوت بکەن، هیوادارم بەرپرسیارێتی و ڕەوشتی نیشتیمانییان لەو ئاستەدا بێت کە زۆر بەرپسیارانەو نەتەوەییانەو نیشتیمانییانە نزیک ببنەوەو هەنگاوی جدی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوە بدەن.