ئامەد چاوەڕێی ٢١ی ئادار دەکات: با لە دەوری ئاگری ئازادی یەکبگرین
ئامادەکارییەکان بۆ جەژنی نەورۆزی ٢٠٢٥ لە ئامەد بەردەوامە، گوڵشەن ئوزەر، وتەبێژی کۆمیتەی ڕێکخستنی نەورۆز، بانگهێشتی هەموو لایەکی کرد بۆ ناوچەی نەورۆز و وتی: ئەمە نەورۆزێکی مێژووییە، ئێمە لە دەوری ئاگری ئازادی یەکدەگرین.

مەدینە مامەدئۆغڵو
ئامەد- هەرچەندە نەورۆز وەک "ساڵێکی نوێ" و "هاتنی بەهار" بۆ مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبیندرێت، بەڵام بۆ کورد جگە لەو واتایە، بە واتای "ڕزگاربوون لە دیلێتی" و "ئازادی"ش دێت.
٢١ی ئادار جەژنی نەورۆزە، کە هێمای "ئازادی و زیندووبوونەوە و لەدایکبوونەوە"یە؛ ئەمساڵ لەلایەن گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە چەندین چالاکی پیرۆز دەکرێت، گەلی باکووری کوردستان خۆیان بۆ نەورۆز ئامادە دەکەن، ئەمساڵ لە ٨٩ ناوەند بە دروشمی "ڕێبەرێتی ئازاد، کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ئاهەنگ دەگێڕدرێت، ئاگری نەورۆز بۆ یەکەمجار لە ١٢ی ئازار لە ناوچەی لیجە داگیرسا، دواهەمینیان لە ٢٣ی ئازار لە ئەستەنبوڵ دادەگیرسێندرێت.
"نەورۆزێکی مێژوویی چاوەڕێمان دەکات"
نەورۆز لە ئامەد لە ٢١ی ئادار لە پارکی نەورۆز بەڕێوەدەچێت گولشەن ئۆزەر، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد وتەبێژی کۆمیتەی ڕێکخستنی نەورۆز، ڕایگەیاند: نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزێکی مێژوویی دەبێت، ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆز دەستیپێکردووەو ئامەد خۆی بۆ نەورۆزێکی مێژوویی ئامادە دەکات.
باسی لەوەشکرد، بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جۆش و خرۆشی لای گەل دروستکردووە، ئەوەش لە٨ی ئاداردا دەربڕدراوە و لە مەیدانەکانی نەورۆزدا دەگۆڕێت بۆ جۆش و خرۆشێکی گەورە، وتی: هیوایەک لە نێو گەلدا هەبوو، بەم ئومێدە خۆمان بۆ نەورۆز ئامادە دەکەین، هیوادارین ئەم نەورۆزە نەورۆزێکی ئاشتی بێت. نەورۆزی ٢٠٢٥ مێژوویی دەبێت، خواستی گەل ئەوەیە کە شەڕ و ململانێی سەد ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێبێت، هەروەها بەم ئامانجە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێین، بەم هیوایانە بەرەو نەورۆزی ئەمساڵ دەڕۆین.
"ئێمە مەشخەڵی ئازادی هەڵدەگرین"
گوڵشەن ئۆزەر ئاماژەی بەوەشکرد، وەک هەموو ساڵێک بەهەمان جۆش و خرۆش و ئومێدەوە گەل بانگهێشتی مەیدانەکانی نەورۆز دەکەن و وتی: بەهیوای ئاشتی لە مەیدانەکاندا دەبین، بانگەوازی ئاشتی دووبارە دەکەینەوە. با باسی پڕۆسەی ئاشتی بکەین کە بەڕێز ئۆجالان لە پەیامەکەیدا باسی کردووە، لەسەر ئەم بنەمایە هەموو کارەکانمان بەڕێوە دەبەین، لە ساڵی ٢٠١٣دا نامەیەک لە ئیمرالیەوە هات و بە ملیۆنان کەس لە مەیدانەکاندا کۆبوونەوە. چاوەڕوانی بەشداری زیاترین لە نەورۆزی ئەمساڵدا، گەل بە هەڵگرتنی ئەم مەشخەڵی ئاشتی و ئازادییەوە، بەرەو گۆڕەپانەکانی نەورۆز بڕۆن.
'نەورۆز کاتێکی ئومێدە بۆ گەنجان'
هەروەها سوڵتان یورولماز، ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی دەم پارتی داوای لە گەنجان کرد بەرەو مەیدانەکانی نەورۆز بڕۆن، ئاماژەی بەوەکرد، بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بانگەوازەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کردووە و وتیان: با ئەم جۆش و خرۆشە بە کۆبوونەوە لە دەوری ئاگری نەورۆز لەگەڵ ملیۆنان کەس بژی، ئاگری تێکۆشانی ئازادی هەڵدەگرین، با هەموو گەنجانی نیشتمانپەروەر بچنە مەیدان، ئەم نەورۆزە دەبێتە نەورۆزێکی ئومێد بۆ گەنجان و گەل، لە هەموو شوێنێک جەژنی نەورۆز دەکەینەوە، تا کۆتایی ئەم مەشخەڵە هەڵدەگرین.