لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١٣٩ کەس لە سووریا گیانیان لەدەستداوە
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لانیکەم ١٣٩ کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەتەشە لە سووریا بە ڕووداوەکانی وەک تەقەکردن، تەقینەوەی مین و تەقەی بێ جیاوازی کوژراون.

ناوەندی هەواڵ
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا ١٣٢ کەس بە گولـلە کوژراون، ٧٢ کەسیان لە شاری تەرتوس و گوندەکانی و ٦٠ کەسیان لە شاری لازقیە و گوندەکانی، کە سێ ژن و منداڵێکیان تێدایە.
لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی حەما، کەسێک بەهۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی شەڕەوە کە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕدا بەجێمابوو، گیانی لەدەست دا، هەروەها لە شارۆچکەی ئەلبەلالیە لە نزیک شاری دوما منداڵێک کوژرا.
لە گەڕەکی ئەلزوبێدی شاری حەلەب لە بەردەم مزگەوتێکدا دوو کەس لە لایەن دوو چەکدارەوە بە ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەیان لێکرا و کوژران.
لە میانی ئاهەنگەکانی ڕێکەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و شام سێ منداڵ لە حەما، ئیدلب و دێرەزوور بەهۆی فیشەکی هەڕەمەکییەوە کوژران.