پلاتفۆرمی "کوشتنی ژنان رادەگرین" لە تورکیا دواخرا

ئەو دادگایە کە چەند مانگێکە دواخراوە، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی پلاتفۆرمێک دەکات کە کار بۆ وەستاندنی کوشتنی ژنان دەکات و هەڕەشەی ئەوە دەکات یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵەی داکۆکی لە ژنان چالاکییەکانی لە تورکیا بوەستێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٧ هەمین دادگای باڵای تاوانەکان یەکەم دانیشتنی پلاتفۆرمی "کوشتنی ژنان ڕادەگرین" کە یەکێکە لە گەورەترین گروپی داکۆکی ژنان لە تورکیا لە ٥ی تشرینی یەکەم دواخست.

سەدان ژن ڕۆژی چوارشەممە ١ حوزەیران، لەبەردەم دادگای باڵادا کۆبوونەوە و گوێبیستی دۆسیەی داخستنی پلاتفۆڕمەکە بوون لە ئیستەنبول و خۆپیشاندەرانیش کە ئاڵای مۆریان هەڵدابوو دروشمی بزووتنەوەی ژنانی تورکیایان دەوتەوە " تۆ بەتەنیا نابیت" لە دژایەتیکردنی ئەو کەیسەی کە لە پێش دادگاییکردنەکەدا بوو.

لە مانگی نیساندا داواکاری گشتی لە ئەستەنبوڵ داوای یاسایی دژی پلاتفۆرمی " کوشتنی ژنان ڕادەگرین " کە لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە دژی کوشتنی ژنان بووە و بەردەوام ڕاپۆرتی لەسەر دەدات و داوای کردووە چالاکییەکانیان بوەستێندرێت بە پاساوی ئەوەی کە چالاکیەکانی دژ بە یاسا و ڕەوشتی کۆمەڵگایە، هەروەها سکاڵاکە لەلایەن ئەو کەسانە تۆمارکراوە کە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان تۆمەتبار دەکەن.

نۆرسین ئینال، نوێنەری ڕێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە پاڵنەری سیاسی لە ژێر بڕیارەکەی دادگادایە و " ئێمە لەژێر فشاری حکومەتداین، چونکە هەموو کوشتنێکی ژنان بە ناوی یەک بە یەک ئاشکرا دەکەین کە پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی دەسەڵاتدارانە کە ژمارەی کوشتنی ژنان لە کەمبوونەوەدا بێت."

فیدان عەتا سەلیم، بەڕێوبەری گشتی وەستاندنەوەی کوشتنی ژنان وتی، " کە کۆمەڵەکە تۆماری کوشتنی ژنان دەپارێزێت، چونکە بەدەستهێنانی داتای فەرمی ئه‌سته‌مه‌، وە ئێمە کوشتنی ئەو ژنانەی کە وەک خۆکوژی کەیسەکانیان داخراوە دەخەینەڕوو."

بەپێی زانیارییەکانی پلاتفۆرمەکە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا لە تورکیا ١٦٠ ژن کوژراون کە زۆربەیان لە لایەن ئەندامانی خێزانەکەیانەوە بوون و ساڵی پاریش ٤٢٣ قوربانی کوشتنی ژنان هەبووە.

تەنیا لە مانگی نیساندا ٢٤ ژن کوژراون بەپێی پلاتفۆڕمەکە کە تێیدا تێبینی کراوە ١٦ ژن لە بارودۆخێکی نادیاردا گیانیان لەدەستداوە و ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە "هەندێک لەو حاڵەتانە بە شێوەیەکی فەرمی بە خۆکوشتن تۆمارکراون".