پاش حەوت مانگ، باوکی دوو خوشکەکە خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ باوکی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ لە ژێر فشاری هێزە ئەمنییەکاندا خۆی ڕادەستی پۆلیسی چەمچەماڵ کردووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٨ی مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو تەرمی دوو خوشک بە ناوەکانی "ئاوارە و هێلین" لە گوندی ئیبراهیم ئاغا لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لەناو چاڵێکدا دۆزرانەوە، کە هەریەکەییان نزیکی ١١ فیشەکییان پێوەنرابوو، پاش ڕووداوەکە پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووە، پاش مانگێک مامێکی دوو کچەکە دەستگیرکرا.
باوکی دوو خوشکەکە، هەر لەسەرەتایی ڕووداوەکەوە خۆی شاردبووەوە، وەک تۆمەتباری سەرەکی سەیردەکرا، ئێستاش پاش حەوت مانگ خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی، باوکی ئەو دوو خوشکە لە ژێر فشاری هێزەکانی پۆلیس خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی چەمچەماڵ کردووە، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
باوکی ئەو دوو خوشکە ناو (ف.ح.ش)، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.