پانێڵێک بۆ مەبەستی پاراستنی ژیان و خێزان لە کۆمەڵگەدا بەڕێوەچوو
بە دروشمی "پاراستنی خێزان، ژیان و شوناس گەشەپێدانی کۆمەڵگەیە" بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکی خێزان پانێڵێک بەڕێووەچوو.
بە دروشمی "پاراستنی خێزان، ژیان و شوناس گەشەپێدانی کۆمەڵگەیە" بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکی خێزان پانێڵێک بەڕێووەچوو.
ناوەندی هەواڵ
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت-CDO کۆمەڵێک لە ڕێکخراوی ژنان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە ١٩ ڕێکخراون، پڕۆژەیەکیان بە ناوی "پڕۆژەی خێزان" ڕاگەیاند، بە دروشـمی "پاراستنی خێزان، ژیان و شوناس گەشەپێدانی کۆمەڵگەیە".
پڕۆژەکە لە دوو پانێڵ پێکهاتبوو هەر پانێڵێک بە بەشداری چوار ئەندام بەڕێوە چوو، لە پانێڵەکاندا باس لە گرفتەکانی خێزان کرا، کە ئێستا هاوسەرەکان زۆربەی بە هۆکاری جیاجیا لەیەکتر جیادەبنەوە.
بۆ ئەم مەبەستە شنۆ عەبدوڵا، سکرتێری ڕێکخراوی خوشکان بۆ ئاژانسی ژنها دوا: "ئێمە وەک ڕێکخراوێکی بەشداربوو لەم پڕۆژەیەدا بە گرنگمان زانی لانی کەم بتوانین کەمێک کێشەکانی کۆمەڵگە و خێزان کەم بکەینەوە، لە ئێستادا بە هۆی هەبوونی ئەو هەموو ڕێژەیە، جیابوونەوەمان لا ئاسایی بووەتەوە کە نابێت وابێت".
شنۆ ئاماژەی بەوەدا زەرەرمەندی یەکەم لە کێشەی خێزانیدا لە کاتێکدا مناڵ بوونی هەبێت منداڵە بەڵام لە ڕووە گشتییەکەوە سەیری بکەین ژن و پیاو هەردووکیان زەرەرمەند دەبن، بۆیە پێویستە هاوسەرەکان هەوڵی چارەسەرکردنی زیاتری کێشەکانیان بدەن تا جیابوونەوە ڕوونەدات یاخود کەم ببێتەوە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، یەکێکی تر بوون لەو ڕێکخراوانەی بەشداری پرۆژەکە بوون، لیا سەیفەدین، بەرپرسی ئەنجومەنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەربارەی ڕێکخستنی پڕۆژەکە و ئامانجەکانیان دەڵێت: "ئێمە بە ئەرکی خۆمان زانیووە وەک یەکێتی ئافرەتان هۆشیاری بدەینە خەڵکی دەربارەی کێشە خێزانییەکان، ئەگەر لە خێزانەکاندا پەروەردەی دروست فێری تاک نەکرێت ئەوا تاکەکانی کۆمەڵگەش پەروەردەی دروست بڵاو ناکەنەوە".
هەر لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا ئێمە وەک یەکێتی ئافرەتان هەوڵمان داوە خێزان لەو هەڵوەشانەوەیەی ئێستا ڕزگار بکەین، ئەوەش بە بڵاوکردنەوە و هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە.
لیا سەیفەدین، هۆکاری یەکەمی کێشە خێزانییەکان بۆ نەبوونی یاسایەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سۆشیاڵ میدیا و دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەگەڕێنێتەوە.
ت.پ