دکتۆر نەمام، تێرێزا مای کوردستان
پزیشکە خۆبەخشەکەی کورد و دایکی کوردستان کۆچی دوایی کرد، لە ماوەی ژیانیشیدا بەردەوام هەوڵیداوە ساڕێژکەری برینی جەستەیی و دەروونی کوردانی ئێزدی و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بێت.
ناوەندی هەواڵ
دکتۆر نەمام غەفووری ساڵی ١٩٦٨ لە قەزای کۆیە لە باشووری کوردستان لەدایکبووە، لە ١ی نیسانی ٢٠٢١دا و لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.
دکتۆر نەمام لە سەرەتای منداڵییەوە بەهۆی هێرشی ڕژێمی بەعسەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبن و دواتر دەبنە پەنابەر لە وڵاتی سوید، لە ساڵی ٢٠٠١دا دکتۆرای لە نەشتەرگەری دڵدا بەدەستهێناوە، چوار زمانی زیندووی جیهانی زانیوە.
هەستی بە ئازاری خاک و گەلەکەی دەکرد
هەژاری و نەداری گەلان، کاریگەری لەسەر دکتۆرە نەمام کرد و ماوەیەک بە خۆبەخشی لە ئەسیوبیا و هیندستان چارەسەری نەخۆشی کردووە، لە ساڵی ٢٠١٤دا دوای جینۆسایدی گەلی ئێزدی لەلایەن داعشەوە، گەڕایەوە بۆ کوردستان و ڕێکخراوێکی خێرخوازی بە ناوی "بەشداربە لە یارمەتیدانی کوردستان (JHK)" کە ناوەندی ڕیکخراوەکە لە باجکەنداڵ بوو، دامەزراند، ڕۆژانە چاودێری ٢٠ نەخۆشی دەکرد، ئەمە جگە لە هاوکاری پزیشکی دکتۆر نەمام بۆ خەڵکی کامپەکەکان، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦دا لە کۆبانێ ماوەتەوە، هاوکاری خەڵکی تازە ئازادکراوی منبجی دەکرد.
دکتۆر نەمام بە "دایکە تێرێزا"ی گەلی کورد ناسرابوو، سەردانی ئەو شوێنانەی دەکرد کە هەژاری، مەینەتی و ناخۆشی باڵی کێشابوو بەسەریاندا، گەلی کوردی لە کوردستان لەبیرنەچووبوو، ڕووی لە ناوچەکانی باشور و ڕۆژئاوا کرد و بە هەموو ئازارەکانییەوە باوەشی بۆ ئێزدییەکان کردەوە لە کامپەکاندا و هەوڵیدا یارمەتی ئەو ژنە ئێزدیانە بدات کە لەلایەن داعشەوە ئەشکەنجە دراون و دەستدرێژیان کراوەتە سەر.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ساڵی ٢٠١٦دا دکتۆر نەمامی وەک ناسراوترین پزیشک هەڵبژارد بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێزدی.
ت.پ