ژنانی برینداری شەڕ: هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بەرهەمی شۆڕشی ژنان تێکبشکێنێت
خاوەن پێداویستییانی ژن لە فیدراسیۆنی خاوەن پێداویستییانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەکی نووسراودا، لە کاردانەوە بەرامبەر قسەکانی عائیشە دبس لە فەرمانگەی کاروباری ژنان لە دیمەشق، ڕایانگەیاند، هیچ هێزێک ناتوانێت شکست بە شۆڕشی ژنان بهێنێت.
ناوەندی هەواڵ
عائیشە دبس، دامەزراو بۆ فەرمانگەی کاروباری ژنان لە دیمەشق، ماوەیەک لەمەوبەر لە وتارێکدا ڕایگەیاند، پێویستە ژنان لە ماڵەوە بن و خزمەت بە ماڵ بکەن. ئەم وتارە ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و خاوەن پێداویستییانی ژن لە فیدراسیۆنی خاوەن پێداویستییانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند، "کەس ناتوانێت هۆشی فیوداڵی و توندڕەوی خۆی بەسەر ئەو ژنانەدا بسەپێنێت کە خەبات و بەرخۆدان دەکەن، پێویستە بزانین هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو ژنانە داگیر بکات کە خۆیان ڕێکخستووە، ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە، لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەرخۆدانێکی ناوازەیان بەڕێوەبرد و تا ئێستاش ئەو بەرخۆدانە بەڕێوە دەبەن".
"دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون"
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە تایبەتی ژنانی شۆڕشگێڕی یەپەژە کە لە بەرەکانی شەڕدا داستانی قارەمانانە دەنووسنەوە، ئەمەیان بە هەموو جیهان نیشان داوە، دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون، هەموو جیهان شایەتحاڵی بەرخۆدان بوو. ژنانی شەڕڤانان خاوەندارێتی ئەم خەبات و بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوا و سووریا دەکەن.
هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو، کە خۆبەڕێوەبەری بە پێشەنگایەتی و یەکسانی ژنان سیستمی خۆی دامەزراندووە و بۆتە گەورەترین و گرنگترین نمونە بۆ کۆمەڵگە. ژنان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا خۆیان ڕێکخست و لە ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕ و ژیاندا ڕۆڵیان گێڕا، ڕۆڵ و ئەرکی پێشەنگایەتییان بە شانازییەوە بەجێدەهێنا. ئێمە وەک ژن بەڵێن دەدەین کە بە گیانمان بەرهەمەکانی شۆڕش دەپارێزین. لە بەرامبەر هەر نزیکبوونەوەیەکی دواکەوتووانە دەوەستینەوە و ڕەتی دەکەینەوە، ئێمە پێداگری لەسەر ئازادی دەکەین و دەڵێین دان بە هیچ بەربەستێک و سنوورێکدا نانێین.
"لێکۆڵینەوە لە مێژووی ژنان بکەن و بزانن لەم ١١ ساڵەدا چۆن خۆیان پاراستووە"
هەر لە بەیاننامەکەدا باس لە میراتی ١١ ساڵەی تێکۆشانی ژنانی کورد، بۆ پاراستنی پێکهاتە و خاکی سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن و دەڵێن: ئێمە ڕێگە نادەین کەسانی ڕەچەڵەک نادیار بە هەرزان سنوورێک بۆ دەستکەوتەکانی شۆڕش دابنێن. بەداخەوە ژنێک بە ناوی (عائیشە دبس) کە لە فەرمانگەی کاروباری ژنان لە دیمەشق دامەزراوە، لە خەوی ئەهل کهف بە خەبەر هاتووە و باسی پێوەرەکانی سەردەمی نەزانی بۆ ژنان دەکات. لەبیری کردووە ئێمە لە چ سەردەمێکدا دەژین. ڕوونە کە عائیشە دبس بە عەقڵی پیاوێکی دەسەڵاتدار پەروەردە کراوە و هەر بۆیە باس لە دواکەوتوویی فیۆداڵی دەکات. عائیشە دبس بە دڵنیاییەوە ئاگاداری شەڕ و بەرخۆدانی ژنانی قارەمان نییە کە دژی توندڕەوترین هێزەکانی وەک داعش شەڕیان کردووە و خەریکی بنیاتنانی داستانی قارەمانێتین. خەڵک تەنها لە ڕووی جەستەییەوە دەتوانن بڵێن ژنە. لەم بابەتەدا داوا لە عائیشە دبس دەکەین کە بچێت لە مێژووی ژنان بکۆڵێتەوە و بزانێت ژنان لەم ١١ ساڵەدا چۆن بەرگرییان لەخۆیان کردووە لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چۆن لە دژی هێزە دڕندەکان شەڕیان کردووە. ئەو ژنە قارەمان و دڵسۆزانەی وەک ئارین میرکان، ئاڤێستا خابوور، بارین کۆبانی، ڕۆسیار، زەهرا پەنابەر، لەیلا و ڕوانڤانان چۆن شەڕیان کرد و لە نێو دوژمناندا خۆیان تەقاندەوە.
"بە گیانمان ژن دەپارێزین"
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "شەڕڤانان پارێزەری کەرامەتی ژنانن و جگە لەوان کەس نابێت خاوەنی ژن بێت عائیشە دبس لەبری ژن ناچێتە دۆزەخەوە و ژنانیش ناکێشێتە ناو کۆیلایەتییەوە. ئێمە بە ژیانی خۆمان ژنان دەپارێزین و ئازادیان دەکەین و با عائیشە دبس خۆی بپارێزێت لەو چەتانەی کە ئازاری منداڵان و ژنان دەدەن. ئەگەرنا ڕەنگە چەتەکانی دەوروبەری ببنە هۆکاری سەرەکی کۆیلایەتییەکی خراپتر.