لە ساڵی ٢٠٢٤ توندوتیژی دژی ژنانی بەلوچ زیادی کرد
بە پێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤ی کەمپەینی چالاکوانانی بەلوچ؛ دەرکەوتووە ژنانی بەلوچ لە ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن دامەزراوە خێزانیی و دەوڵەتییەکانەوە تووشی توندوتیژی و ستەم بوون و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان کوژران و بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
ژنانی بەلوچ لە هەموو شوێنێک خەبات دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ماف و بوونیان لە هەموو بوارێکدا. لەم ساڵانەی دواییدا ژنانی بەلوچ ڕووبەڕووی هەم فشار و هەم توندوتیژیی ئەو سیستەمە دەوڵەتیانە بوونەتەوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان پێوە هەیە و لە زۆر بواردا خەباتێکی بەرزیان هەبووە. لە پاکستان، هیندستان، ئێران و ئەفغانستان کە ژنانی بەلوچ تێیدا دەژین، توندوتیژی و کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەنجام دەدرێت. زەبر و زەنگی توندوتیژی لە خێزاندا کە بچووکترین ئۆرگانی دەوڵەتە، زۆر قووڵە. ئاماری ئەمساڵی توندوتیژی دژی ژنان کە ساڵانە ئەژمار دەکرێت، لەچاو ساڵانی دیکە بەرزترە.
بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کەمپەینی چالاکوانانی بەلوچ؛ دیاری کرا کە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ژنانی بەلوچ لە ساڵانی دیکە قورستر بوو. لانیکەم ٢٠ ژن لە ناوچەکانی بەلوچ لەوانە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان تووشی توندوتیژی خێزانی بوون.
ئامارەکان دەریدەخەن کە توندوتیژی خێزانی ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان و بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە ٧ ژن گیانیان لەدەستدا و ژنێکیش بریندار بووە، بەڵام ئەمە تەنها بەشێکە لە توندوتیژی دژی ژنان. ئاماری دەستگیرکردن و توندوتیژی دەوڵەتی بەرامبەر بە ژنان لەمساڵدا زیادی کردووە.
یەکێک لەو ڕووداوانەی کاریگەری بەسەر ژنانی بەلوچەوە هەبوو، ڕووداوێک بوو لە شاری میناب کە لە ئەنجامدا لانیکەم ١٥ کرێکاری ژن بریندار بوون. ئەم ڕووداوە جارێکی تر ئاشکرای دەکات کە ژینگەی کارکردن و ڕێگاوبانی ژنانی بەلوچ تەندروست و سەلامەت نین.
هەواڵی ساڵی ٢٠٢٤ لە بەلوچستان و سیستانەوە وێنەیەکی جددیتر لە ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکوانانی بەلوچ نیشان دەدات. پێویستە بگوترێ ئەو ڕاپۆرتانەی بەم شێوازە ئامادە دەکرێن، زۆر کەم ڕەنگدانەوەی ڕاستی هەرێمەکانن و ڕووداوەکانی ژنانیش بە شاراوەیی دەمێننەوە.