نووسەر کنێر عەبدوڵا لەسەر هێرشی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە ڕەخنە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەگرێت
نووسەر کنێر عەبدولا لەسەر هێرشی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە ڕەخنە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەگرێت و دەڵێت: ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر لەبەردەم بەرپرسیارێیتیەکی مێژوویدان بەرامبەر بە گەلی کورد و ژنانی کورد.
ناوەندی هەواڵ
نووسەر کنێر عەبدوڵا لە پەیامێکیدا بۆ ڕای گشتی نێودەوڵەتی رەخنە لە بێدەنگی نەتەوەیەکگرتووەکانی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەگرێت کە لە هێرشەکانی چەتەکانی هەتەشە بۆ سەر گەرەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
"ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر لەبەردەم بەرپرسیارێیتیەکی مێژوویدان بەرامبەر بە گەلی کورد و ژنانی کورد"
کنێر عەبدوڵا، نووسەر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، جەختکردنەوەتان بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، هاندانتان بۆ یادکردنەوەی ساڵانە بۆ هەڵمەتی بەرنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، کۆمەککردن وپشتیوانیتان بۆ بەلەبەرچاوگرتنی مێژووی سەرهەڵدانی ٨ ی مارس و باسکردنتان لە گرنگی ئاشتی وکۆی بۆنەکانی تایبەتن بە لەبەرچاوگرتنی رێزو پاراستنی شکۆی هاوڵاتیان ومرۆڤەکان بەتایبەت ژنان ، گەر تەنها دروشمێکە و لە بۆنەکاندا کاری پێدەکرێت، یان تەنها ووشەو دەربڕینێکە بۆنیشاندانی رووی دیموکراسی ومرۆڤایەتیی، یاخود جێبەجێکردنی لەلاتان بۆ نەتەوە وگەل ودەوڵەتێک حەڵاڵ ورەوایە و بۆ ئەوانیتر حەرام وهێڵی سوورە، ئەوا مەترسییەکی گەورەیە ولە داهاتوودا کۆی مرۆڤایەتی ومافەکانی مرۆڤ دەکەونە ژێرپرسیارەوەو یەکەم زەرەرمەندیش بانگەشکەران و ئەولایەن ودەوڵەتانە دەبن کە خۆیان دەبنە پێشێلکاری وبەربەست لەئاست جێبەجێکردنیدا؛ بۆیە ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر هەموو تاک ولایەنێکی نێوەدەوڵەتی لەبەردەم بەرپرسیارێیتیەکی مێژوویدان لە بەرامبەر ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت بەرامبەر بە گەلی کورد و ژنانی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان.
"لەم جەنگە بەپلان وبەرنامە بۆداڕێژراوەدا هەزاران خەڵکی مەدەنی کراونەتە ئامانج"
لە پەیامەکەدا هاتووە: کۆی هێرشەکانی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی حەلەب و دەوروبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان، وکۆمەڵکوژی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران وکوردەکان بەتایبەت لەمرۆژانەدا پیش هەموو شتێک رێگریکردنە لەچەسپاندنی ئاشتی وسەقامگیری پێگەی کورد، کە لای هەموو جیهان ئاشكرایە ئەمە دوابەدوای رێکەوتننامەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا وحکومەتی دیمەشق هاتە ئاراوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەک تەنها لێی بەئاگابوو ؛ بەڵکو لایەنێکی گرنگی هاودەنگی بوو لە پرۆسەکەدا، دۆخەکە وبەسەرهاتەکان لای هەمووان روون وئاشكرایە، بەڵام ئەوەی جێی مەبەستی باسەکەمە ئەوەیە، دەبینن لەم جەنگە بەپلان وبەرنامە بۆداڕێژراوەدا هەزاران خەڵکی مەدەنی کراونەتە ئامانج، بینەری هەزاران دیمەنی تراجیدیای کوشتن وبڕین وسوکایەتیپێکردنن، سەیرکەری دیمەنی سەدان پیشێلکارین بەرامبەر دیلەکان کە دژ بەیاساکانە، سەرەڕای ئەوەی بەئاگان لە سوکایەتیپێکردنی جۆراوجۆر کە دەرهەق بە ژنانی شەڕڤانان و ژنانی دیل دەکرێن، هەموو ئەوانە چەندین دیمەنی نەبینراوی تر بوونەتە دیمەنی رۆژانەی تیڤی وسۆشیال میدیایان تەنیوە؛ هەر لە لێدان وئەشکەنجەدان ودەستبۆبردن وتێکشکانی شکۆیان تا دەگاتە فڕێدانیان لە باڵەخانەی بەرزەوە تەنانەت پاش لەدەستدانی رۆحیان.
کنێر عەبدوڵا لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ رای گشتی نیودەوڵەتی وتی: لەکاتێکدا سەرجەم ئەو پێشێلکارییانە دژ بە بەندەکانی مافی مرۆڤن، بەڵام رای گشتی نێودەوڵەتی، نەتەوەیەکگرتووەکان، ورێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بەگشتی ئەوەندەی سەیرکەری دۆخەکەن، ئەوەندە لە هەوڵی جدیدا نین بۆ راگرتنی جەنگ ونیشاندانی هەڵویست لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئەنجامدەدرێن، لەئاکامدا ئەوەش نەک پەیماننامە وبەڵگەنامەو جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ دەخاتە ژێرپرسیارەوە؛ بەڵکو بێئومێدی و بێمتمانەیی دەخوڵقینێت بۆ داهاتوو لەکۆی جومگەکانی کۆمەڵگەکان بەگشت؛ بۆیە وەک قەڵەمێکی ژنێکی کورد داواکارم هەڵوێستی جدی وبەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم قۆناغە لەبەرچاوبگرن و تا لە مێژوودا وەک بەشێک لە پیلانەکانی دژ بە کورد و ژنان تۆمار نەکرێن و لە هەمووی گرنگتر دژ بە بەڵگەنامەکانتان نەوەستنەوە کە خۆتان داڕێژەرین.