نوودا ئارین: لە باکووری کوردستان خاوەن ئیرادە بووین و لە هەنگاوی ئاشتییدا شوێنمان گرت
نوودا ئارین، گەریلای ئازادی بەشداربوو لە هەنگاوی کشانەوەی گەریلا لە باکووری کوردستان و تورکیا دەڵێت: لەناو ئەم گۆڕەپانەدا و لەم پڕۆسەیەدا ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگمان هەبوو، لە باکووری کوردستان خاوەن ئیرادە بووین و لەم هەنگاوەدا شوێنمان گرت.
قەندیل
ئەمڕۆ ٢٦ی تشرینی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی، هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی لە چوارچێوەی بانگەوازی ٢٧ی شووباتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە نا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە قەندیل، ڕاگەیەندراوی هەنگاوەکە لەلایەن سەبری ئۆك، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە و هەروەها بەژین دەرسیم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەرێمی یەژاستاری سەرحەد، دەڤریم پالو فەرماندەی هەپەگە بە بەشداری ٢٥ گەریلا خوێندرایەوە.
یەکێک لەو گەریلا ئازادانەی ئەو گرووپە، بەناوی نوودا ئارین، کە لە هەرێمی بۆتانی باکووری کوردستانەوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: وەک لە سەرەتادا دیاریمان کرد ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بانگەواز کە ڕێبەرئاپۆو بڕیارەکان کە لە کۆنگرەی ١٢یەمین درا، هەرە بڕیاری کۆتاییش بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشیوەیەکی خێراتر بەڕیوەبچێت، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارمان دا لە ناوچەکانی پێکدادان بکشێینەوە، بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر پرۆسەکە نەمێنێت، وەکی تر ئەو ناوچانەی ئێمەی تیدا بووین ڕەوشی گەریلا باش بوو، ئەو پروپاگاندانەی لە ڕاگەیاندنەکان بلاودەکرێنەوە ڕاست نییە، کارو خەبات بەردەوامە.
"خاوەن ئیرادە بووین"
نوودا ئارین وتیشی: بەهەر شێوەیەک خاوەن ئیرادە بووین، ئێمە وەک گەریلا لە باکووری کوردستان تێکۆشانمان کرد، بە گرێدانی بیرو باوەڕی خۆمان و بە بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ هیچ لاوازییەک نەبوو، ئیرادەیەکی وەک پۆڵا لە ئێمە دروست بوو، هەر سەختییەک هاتە پێشمان نەبووە ئاستەنگ، خاوەن ئەو هێزە بووین و تێکۆشانمان کرد، لە ناوچەی باکوور رەوشی گەریلا زۆر باشە، ئەو جێیەی پێویست بوو لێی کشاینەوە، پاش کشانەوە لەم هەنگاوەدا شوێنمان گرت، لە بەرامبەر ئەو قسانەی دەبێتە ڕۆژەڤ و دەوترێت گەریلا بێهێز دەبێت، بەو رەنگ و شێوەیە نییە.