کاترین کۆنۆلی بە جیاوازیەکی گەورە پۆستی سەرۆکایەتی ئێرلەندای بەدەستهێنا
کاترین کۆنۆلی بە جیاوازیەکی گەورە پۆستی سەرۆکایەتی ئێرلەندای بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنێکدا کە گۆڕانکارییەکی سیاسی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، هەڵمەتێکی بوێرانەی بەڕێوەبرد و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەوروپا و حکومەت گرت.
ناوەندی هەواڵ
لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا کە سیاسەتی ئیرلەندای هەژاندووە، کاترین کۆنۆلی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی چەپی توندڕەو ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەم بە بەدەستهێنانی ٦٣.٤%ی دەنگەکان پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری بەدەستهێنا و زۆر لە پێش ڕکابەرەکەیەوە بوو کە هیزەر هامفری، وەزیری پێشووی ناوەڕاستی ڕاست بوو کە تەنها ٢٩.٥%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
سەرکەوتنی کاترین کۆنۆلی، تەمەن ٦٨ ساڵ دوای هەڵمەتێکی بوێرانە هات کە تیایدا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا و ڕوانگەی حکومەت بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری گرت، ئەو سەرکەوتنەکەی بە دەنگی خەڵکی پەراوێزخراو پێناسە کردووە کە داوای کۆمارێک دەکەن کە گوێ لە هەمووان بگرێت.
لە وتارەکەیدا بۆ لایەنگرانی لە قەڵای دبلن، بەڵێنیدا، سەرۆکێک بێت کە گوێ بگرێت، لێکۆڵینەوە بکات و لەکاتی پێویستدا قسە بکات، هەروەها پابەندبوونی خۆی دووپات کردەوە بە بونیادنانی کۆمارێک کە بەها بە هەموو هاوڵاتییەک بدات، بەبێ گوێدانە پێگە و بۆچوونەکانیان.
کاترین کۆنۆلی بە دژایەتیکردنی زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان و داوای بێلایەنی ئێرلەندا و ڕەخنەی لە ڕۆژئاوا لەسەر شەڕی غەززە ناسراوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە هێمای ئۆپۆزسیۆنی چەپ لە پەرلەمان.
چاودێران پێیان وایە ئەم ئەنجامە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی باری دەروونی گەلە بەرەو وتارێکی چەپ کە سەرنجی لەسەر دادپەروەری و بێلایەنی بێت، ڕۆژنامەی ئیرلەندی تایمز ڕووداوەکەی بە بومەلەرزەیەکی سیاسی پێناسە کردووە کە نەخشەی پارتەکان لە دبلن دەکێشێتەوە.
هەرچەندە پێگەی سەرۆکی ئێرلەندا تا ڕادەیەکی زۆر بە ڕێوڕەسمی دەمێنێتەوە، بەڵام سەرکەوتنی کاترین کۆنۆلی سەکۆیەکی هێمای کاریگەر دەداتە چەپی سەربەخۆ لە داڕشتنی وتاری سیاسی ناوخۆیی و دەرەکیدا.