نەتەوەیەکگرتووەکان: توندوتیژیی سێکسی لە ماوەی ساڵێکدا دوو هێندە زیادی کردووە

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات، توندوتیژیی سێکسی پەیوەندیدار بە شەڕ لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوازێکی زۆر خێرا زیادی کردووە و تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا، زیاتر لە نۆ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی سێکسی تۆمار کراوە کە ئەمەش دوو هێندەی ساڵی ٢٠٢٤ـە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان لە ڕاپۆرتێکدا ئامارێکی مەترسیداری لەسەر زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی سێکسی پەیوەندیدار بە شەڕ بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە، توندوتیژیی سێکسی پەیوەندیدار بە شەڕ لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوازێکی زۆر خێرا زیادی کردووە، ئامارەکان نیشان دەدەن کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا، لانی کەم نۆ هەزار و ٧٨٨ حاڵەتی سەلمێندراوی توندوتیژیی سێکسی لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تۆمار کراوە کە ئەمەش دوو هێندەی ساڵی ٢٠٢٤ـە.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی مەترسیی ئەمنی و ناوزڕانی کۆمەڵایەتی، دۆکیۆمێنتکردنی ئەم تاوانانە زۆر سەختە و دادگاکانیش لە کاتی شەڕدا تەواو پەکیان کەوتووە.

 

باس لەوەش کراوە، داتاکانی ساڵی ٢٠٢٦ نیشان دەدەن کە ژمارەی ئەو ژنانەی بەهۆی توندوتیژیی ڕەگەزییەوە پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە، چوار هێندە بووە و گەیشتووەتە ١٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس کە زۆربەی ئەم ژنانە لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان لایەنگریی سیاسی کراونەتە ئامانج.

 

ناوەندەکانی مافی مرۆڤی هۆشداری دەدەن، ئەم جۆرە توندوتیژییە سیستەماتیکییە کە وەک چەکێکی شەڕ بەکاردێت ڕاستەوخۆ جەستەی ژنان دەکاتە ئامانجی سەرکوت و شکۆی مرۆیی خستووەتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە.