نەتەوەیەکگرتووەکان هێرشەکەی سەر "عەبیر موسا" ئیدانە دەکات

دوای ئەوەی دوو پەرلەمانتار هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتارێکی ژن و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات ئەم جۆرە توندوتیژییانە کۆتاییان پێبێت و چیتر مافی ژنان پێشێل نەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان لە تونس ئیدانەی ئەو هێرشە توندوتیژییەیان کرد، کە لە پەرلەمانی تونس لەلایەن پەرلەمانتاران "سحبی سەمار و سەیف مەخلوف" بەرامبەر بە پەرلەمانتار "عەبیر موسا" ئەنجام درا.

 

ڕۆژی ٥ی تەمووز، ئارنو بیرال نوێنەری نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تونس، لە ڕێی بەیاننامەیەکەوە ڕایگەیاند، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیگەرانیەوە بەدوای ئەوەوەن، کەبەسەر پەرلەمانتار عەبیر موسا دێت، هەروەها توندوتیژییەکان بەرامبەر بەو پەرلەمانتارە تا دێت زیاد دەبێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر هەر کارێکی توندوتیژی سیاسی دەوەستنەوە کە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام بدرێت، چ لە ڕێی جەستەیی بێت یاخود زارەکی، هەروەها بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیشی لەقەڵەمدا پێیوایە ئەوە هەڕەشەیە بۆسەر دیموکراسی ژنان.

 

هەروەها نەتەوەیەکگرتووەکان داوایان لە دەسەڵاتداران، ئەنجومەنی نوێنەرانی گەل و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی هاوڵاتیان کرد کە بە جدی بەرامبەر ئەم توندوتیژییە هەڵوێست وەربگرن.

 

ئەم هەڵوێستەی نەتەوەیەکگرتووەکان دوای ئەو هێرشە دێت کە لە ٣٠ی حوزەیران لەلایەن دوو پەرلەمانتارەوە بەرامبەر بە عەبیرموسا ئەنجام درا.