نەتەوە یەکگرتووەکان: ژنانی دووگیان ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ناخۆش دەبنەوە لە غەززە

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە خراپیی بارودۆخی ژنانی دووگیان و دایکانی تازە لە غەززە بەهۆی کەمیی خۆراک، نەبوونی چاودێری تەندروستی و نالەباریی ژیانەوە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەبارچوون و زەحمەتیی چاودێریکردنی منداڵەکانیان لە ژینگەیەکی ئارامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی دووگیان لە غەززە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان نییە، داڕمانی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی، کەمیی خۆراک و تێکچوونی بارودۆخی ژیان مەترسییەکانی سەر ژیانیان و ژیانی منداڵەکانیان زیاتر دەکات، ئەمەش وا دەکات دەستڕاگەیشتن بە چاودێری پارێزراو لەڕادەبەدەر قورس بێت.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ١٢ی ئەیلول ڕایگەیاند، کە ژنانی دووگیان و دایکانی تازە لە غەززە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەتەوە، کە چاودێری تەندروستی و خۆراک و بارودۆخی ژیانی سەرەتایی پێویستیان بۆ دایکان و منداڵەکانیان نییە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ڕۆژانە نزیکەی ١٨٠ منداڵی ساوا لە غەززە لەدایک دەبن، بەڵام دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا بۆ زۆرێک لە ژنان زۆر قورس بووە، هەروەها دوای منداڵبوون، ژنان دەگەڕێنەوە بۆ چادرە قەرەباڵغەکان کە پاکوخاوێنی و خۆراکی پێویستیان نییە، بەبێ شوێنێکی پزرێزراو و گونجاو بۆ خۆیان و منداڵە تازە لەدایکبووەکانیان.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی چوار هەزار حاڵەتی لەبارچوون تۆمارکراوە، کە زیاتر لە سێ ئەوەندەی ئەو ڕێژەیە بووە کە لە شەش مانگی پێشوودا تۆمارکراوە، پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی لە هەر سێ دووگیانی یەکێکیان مەترسی زۆری لەسەرە و زیاتر لە نیوەی ژنانی دووگیان تووشی کەمخوێنی دەبن، ئەم حاڵەتانە لە شێوازەکانی منداڵبوونیشدا ڕەنگ دەدەنەوە، نزیکەی نیوەی هەموو لەدایکبوونەکان نەشتەرگەری قەستەرەن، کە زۆربەیان لە دۆخی نائاساییدا ڕوودەدەن.

 

نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە فەڵەستین ئاماژەی بەوەدا، کە ژنانی ئاوارە لە دۆخێکی نادڵنیاییدا دەژین، نازانن کە ئایا دەتوانن لە کاتی پێویستدا دەستیان بە هاوکاری پزیشکی بگات یان نا.

 

ڕوونیکردەوە، کە ڕێکخراوەکە بەردەوامە لە پێشکەشکردنی هەموو پشتگیرییەکی ئەگەری، لەوانەش تەیارکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان، دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستییەکان و جێگیرکردنی کارمەندانی تەندروستی، بۆ دایکانی غەززە منداڵبوون کۆتایی گەشتێکی سەخت نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە، کە تیایدا دایک دەستدەکات بە هەوڵدان بۆ چاودێریکردنی منداڵەکەی لەنێو ئەو بارودۆخەدا کە هێشتا زۆر پێویستییە سەرەتاییەکانی تێدا نییە.