بانگەواز لە ژنانی ئێزدییەوە: هێزی پاراستنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانمان بناسن

ئەو ژنانەی بەشداری ڕێپێوانە جەماوەرییەکەی شنگالیان کرد وتیان: نابێت کەس شنگال بپارێزێت جگە لە منداڵەکانمان، پێویستە عێراق بوونی ئەوان قبوڵ بکات و مافی کۆمەڵگەکەمان بدات، هێزی پاراستنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانمان پێویستە دانیان پێدا بنرێت.

شنگال 

 

ماوەیەکە هێزی سەربازی عێراق لە شنگال زیاد دەکات، کۆمەڵگەی ئێزدی لە بازگەکاندا دەوەستێنرێت و داوای ناسنامەیان لێدەکرێت و کێشەیان بۆ دروست دەکرێت، ڕۆژی ١ی ئەیلوول کۆبوونەوەیەک بەبێ نوێنەری پێکهاتەی ئێزدی لە بەغدا بڕیاریان لەبارەی شنگالەوە داو بڕیاری داماڵینی چەک لە هێزەکانی پاراستنی شنگال درا.

 

ناڕازیبوونی کۆمەڵگەی ئێزدی لەم دۆخە لە زیادبووندایە، لەم دواییانەشدا، لە ٦ی ئەیلوول ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شنگال بەڕێوەچوو، کە داواکرا حکومەتی عێراق ئەو فشارەیان لەسەر هەڵبگرێت و دان بە هێزەکانی پاراستنی شنگالدا بنێت، ئەو ژنانەی بەشداربوون لە ڕێپێوانەکەدا بۆ دەزگاکەمان هەڵسەنگاندنیان کرد.

 

"ئەگەر بێدەنگ بین، شتە خراپترەکان بەسەرماندا دێت"

مامۆستا جیلان سلێمان ڕایگەیاند، لە شنگال ڕێپێوانێکیان ڕێکخستووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە زیادبوونی هێزی سەربازی عێراق لە شنگال و ڕەتکردنەوەی مافەکانی ئێزیییەکان و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەم دواییانەدا زۆر بازگەی سەربازی دانراون، داوا لە هێزە سەربازییەکانمان دەکەن چەکەکانیان دابنێن، ئەوانەی دەمانپارێزن هەمیشە منداڵی ئێزیدییەکان دەبن.

 

"ئێمە قبوڵ ناکەین هێزێکی بیانی بمانپارێزێت"

جیلان سلێمان داوای لە حکومەتی عێراق کرد هێزەکانی پاراستن و دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ئێزدی قبوڵ بکات و وتی: لەناو ئێمەدا کەسێکی نامۆ نییە، پێکهاتەکەمان خۆی دەپارێزێت، خۆی بەڕێوەدەبات، ئێمەش بەشێکین لە عێراق و داوای مافەکانی خۆمان دەکەین. ئەم ٧٤ فەرمانە بەسەرماندا سەپێندراوە، تا ئێستا ئەو جینۆسایدەی دژمان نەناسێندراوە. دەمانەوێت ئەو جینۆسایدەی دژمان بناسێندرێت و ئێمەش و هێز و دامەزراوەکان قبوڵ بکرێن. بانگەوازی من بۆ کۆمەڵگاەەمان ئەوەیە کە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا بێدەنگ نەبین.

 

"پێویستە کۆمەڵگەکەمان زیاتر خاوەنداری لە شنگال بکات"

دایە پاکیزە جەلال، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدانی شنگال، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە چالاکیی سەربازی لە شنگال زیادی کردووەو وتی: خاڵەکانی پشکنین زیاد کراون و کێشە بۆ کۆمەڵگاکەمان دروست دەکەن، ئێمە خەڵکی شنگالین، خەڵکی عێراقین، ناسنامەکەمان هەمووی بەستراوەتەوە بە عێراقەوە، داوا لە عێراق دەکەین هێزەکانمان قبوڵ بکات، ئەمڕۆ شەڕڤانان و یەبەشە یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان ئێمە دەپارێزن، کەس لە دەرەوەی شنگالییەکان شەنگال ناپارێزێت، تەڤگەری ئازادی هات و ئێمەی ڕزگارکرد، ئەوان شەهیدیان بەخشی، داواکارین پاراستنی ناوچەکە لە دەستی منداڵەکانماندا بێت.

دایە پاکیزە جەلال ڕایگەیاند کە ئێزدییەکان متمانەیان بە هیچ هێزو کەسێکی تر نییە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: باوەڕمان بەو هێزەیە کە لە سەردەمی فەرماندەییدا لەگەڵمان لەو شاخانە وەستابوو، تینوو برسی، هیچ کەسێک کە لە دەرەوە بێت دڵی بۆ خاکەکەمان ژان ناکات، ئازاری خاکەکەمان نادات. هیوادارین لە خودای گەورە کۆمەڵگەکەمان زیاتر گرنگی بە وڵاتەکەیان بدەن.