نەتەوە یەکگرتوەکان: بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان لە ٤٩ گونددا هەزاران ماڵی وێران کرد

خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ئەم دواییەی ئەفغانستان بووە هۆی داڕمانی پێنج هەزار و ٢٣٠ ماڵ و زیانی ٦٧٢ ماڵی دیکە لە ٤٩ گوندی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە گەیاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی ئەفغانستانی گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار کەس و پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن.

 

سەرۆکی ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆی نەتەوە یەکگرتووەکان "OCHA" لە ئەفغانستان ڕۆژی  ٨ی ئەیلوولی ڕایگەیاند، هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی بوومەلەرزەکە کە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە، وێرانبوونی پێنج هەزار و ٢٣٠ ماڵ و زیانی ٦٧٢ ماڵی دیکە لە ٤٩ گوند پشتڕاستکردەوە،  ئاماژەی بەوەشکردوە، کە زۆربەی گوندە دوورەکان تا ئێستاش بە دەستنەگەیشتن دەمێننەوە، ئەمەش ڕێگری لە هەڵسەنگاندن و هەوڵەکانی هاوکاری دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕێگا زیانلێکەوتو و ناڕێک و شاخاوییەکان هەڵسەنگاندنی زیانەکانیان لە ٤٤١ گوندی زیانلێکەوتودا زۆر قورس کردوە، هەروەها زنجیرەیەک لەرزۆکی پاشەکشە کە لە نێوان ٥.٢ بۆ ٥.٦ بووە، ئەمەش هەڵسەنگاندنەکەی زیاتر ئاڵۆز کردوە.

 

لە کۆتای مانگی ئابدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٠ پلە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە و بەلایەنی کەمەوە دوو هەزارو ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و پێدەچێت ئەم ژمارەیە بەرزبێتەوە لەگەڵ دەرهێنانی تەرمەکانی زیاتر، نەتەوە یەکگرتوەکان کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکەیان بە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس خەمڵاندوە کە زیاتر لە نیوەیان منداڵ بوون و هەندێکیان ئەفغانی بوون کە بە زۆر لە پاکستان و ئێرانەوە گەڕاونەتەوە.

 

بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان یەکێکە لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی مێژووی ئەم دوایەی ئەو وڵاتە، گروپەکانی فریاگوزاری ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبنەوە لە گەیشتن بە ناوچە دوور و زیانلێکەوتووەکان بەهۆی زەویە شاخاویە ناڕێکەکان و کەمی توانای گروپی فریاگوزاری.