ناشارەزایی تەندروستی ژیانی هاوڵاتیانی خستوەتە مەترسییەوە
بە هۆی هەڵە بەکارهێنانی دەرزییەوە ژنێک بێهۆش دەبێت و گەنجێک گیان لەدەست دەدات، ئەمەش شتێکی تازە نییە و ساڵانە بە سەدان کەس بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیان لەدەست دەدەن.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی پێنجشەممە، ژنێکی دانیشتووی قەزای کۆیە بە ناوی "خەندە کاکەڕەش" تەمەن ٢٢ساڵ و دایکی دوو منداڵ، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەرزییەوە لە نۆرینگەیەکی قەزاکەدا باری تەندروستی تێکدەچێت، هەرزوو دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە، پاشان ڕەوانەی هەولێر دەکرێت، ماوەی پێنج ڕۆژە بێهۆشە و باری تەندروستی دیار نییە.
بنەماڵەی خەندە سکاڵای یاسای لەسەر ئەو نۆرینگەیە تۆمار دەکەن کە دەرزییەکەی بۆ خەندە کردووە، براكەی خەندە کاکەڕەش ئاماژەی بەوە کردوە "نۆرینگەکە و بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهید دکتۆر خالید، زۆر کەمتەرخەم بوون بەرامبەر تەندروستی نەخۆشەکەمان، وەک پێویست هاوکار نەبوون لە پاراستنی تەندروستی خوشکەکەمان و تائێستا بێهۆشە".
دکتۆر کاوە سابیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید دکتۆر خالید بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە: "سەرلە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، نەخۆشێک بە بێهۆشیی گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان، پاش ئەوەی پزیشكەكان بینیویانە و پشکنینی سەرەتاییان بۆ کردووە، پرسیار لە پێشینەی نەخۆشییەکە کراوە، زانراوە کە دەرزی سفتریاکزۆنی وەرگرتووە، دوو دەرزی لە دوو ڕۆژدا بۆ کراوە" ئاماژەی بەوەش كردووە " لە ڕۆژی یەکەمدا هەستیاریی پێی هەبووە، بەڵام نیشانەکانی زۆر توند نەبوون، لە ڕۆژی دووەم زۆر بە خراپی نیشانەی هەستیاریی تێدا دەرکەوتووە و پاشان بە بێهۆشی هێنراوەتە نەخۆشخانەکەمان، ئەم حاڵەتە پێی دەڵێن 'ئەنەفیڵاک تیکشۆک' بەهۆی دەرزییەکەوە ڕووی داوە".
لەسەر سکاڵای بنەماڵەی خەندە، نەخۆشخانەی فێرکاری ئامادەیی دەربڕیوە کە لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە ئامادەبکەن.
گەنجێک لە قەڵادزێ بەهۆی دەرزییەوە گیانی لەدەستدا
بەهەمان شێوە دوێنێ هەمان حاڵەت دووبارە بووەتەوە و گەنجێکی دانیشتووی گەڕەکی ڕاپەڕین قەڵادزێ بەناوی (س، م، ئـ) لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٠، بەهۆی بەکارهێنانی دەرزی هێورکەرەوە گیانی لەدەستدا.
پۆلیس لە زاری کەس وکارەکەیەوە ڕایگەیاند: "پێشتر چووەتە یەکێک لە دەرمانخانەکان و دەرزیەکی هێورکەرەوەی بۆ کراوە، بەڵام زیاتر باری تەندروستی تێکچووە و دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".
تا ئێستا نەزانراوە هۆکاری مردنەکەی دەرزیی بێهۆشکردنەکەیە یاخود هۆکاری تری لە پشتەوەیە بۆ ئەم مەبەستەش تەرمەکەی ڕەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادوەری سلێمانی کراوە، بە بڕیاری دادوەر و بە پێی ماددی ٤١١ لە یاسایی سزدانی عێراقی ئەو یاریدەدەری پزیشکییەی دەرزیەکەی بۆ بەکارهێناوە دەستگیر کراوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەشی بۆ ڕێکخراوە.
سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا سیستمێکی باوەرپێکراو نییە و خەڵکی ناتوانن بە دڵنیاییەوە گیانی خۆیانی پێبسپێرن، لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین حاڵەتی هاوشێوە لە مردنی منداڵ و ژن و کوێربوونی نەخۆشانی چاو تۆمارکراون.
ت.پ