نادیاری چارەنووسی ڕاهێنەرێکی لەشجوانی ئێرانی کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە
دەسەڵاتدارانی ئێران هانیە شەریعەتی، یاریزانی تایکواندۆ و ڕاهێنەری وەرزشی لەشجوانییان دەستگیرکرد، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر دەربارەی شوێنی ڕاگیران و هۆکاری ڕەسمی دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا بکەن.
ناوەندی هەواڵ
ژنان لە ئێران بەدەست سنووردارکردنی توندی ئازادی جل و بەرگ و جووڵە و ڕادەربڕینیانەوە دەناڵێنن، بەو پێیەی یاسای هەڵاواردن بەسەریاندا دەسەپێنرێت، کە کاتێک پێشێلکارییان دەکەن ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و دەستگیرکردن دەبنەوە، ئەم پێشێلکاریانە بە شێوەیەکی سیستماتیک پراکتیزە دەکرێن و بەشداریکردنیان لە ژیانی گشتی و مافە سەرەتاییەکاندا سنووردار دەکەن.
هێزە ئەمنییەکان لە تاران، ئێوارەی ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەم، هانیە شەریعەتی، یاریزانی تایکواندۆ و ڕاهێنەری وەرزشی لەشجوانییان دەستبەسەر کرد.
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دەستبەسەرکردنی هانیە لە ئەنجامی ئەنجامدانی جموجۆڵی نمایشی لە شەقامەکانی تاران لە کاتی لەبەرکردنی جلوبەرگی هەڵبژێردراودا بووە، کە بە پێشێلکردنی ڕێسا گشتییەکانی تایبەت بە جل و بەرگ لە شوێنە گشتییەکان دادەنرێت.
دوای دەستگیرکردنی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتی بە خێزانەکەیەوە کرد و نیگەرانی خۆی لە دۆخەکەی دەربڕی و داوای هاوکاریی کرد، لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێک دەربارەی بڵاونەکراوەتەوە و تا ئێستاش شوێن و چارەنووسی نادیارە.
هەروەها لە دوای دەستگیرکردنی پەڕەکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستیان بەسەردا گیرا، هەروەها ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی کە نزیکەی ١٦٠ هەزار فۆڵۆوەری هەبوو قەدەغە کرا، کە لۆگۆی پۆلیسی ئەلیکترۆنی ''فەتا''ی خراوەتەسەر.