کوشتنی ژنێک لە مەیدانی گشتیدا مالی دەهەژێنێت

کوشتنی مریەم سیسیە، چالاکوانی تۆڕی کۆمەڵایەتی "تیک تۆک" توڕەیی و شەرمەزارکردنی بەربڵاوی لێکەوتەوە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕینە لە مالی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مالی بە تایبەتی لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت، هاوڵاتیانی مەدەنی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتداران یان هێزە بیانییەکان دەکوژرێن، ئەم پراکتیزانە وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر و پاراستنی کۆنترۆڵ لە نێو دانیشتوانی ناوچەکەدا بەکاردەهێنرێن.

 

ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەم، مریەم سیسیە، چالاکوانی تۆڕی کۆمەڵایەتی "تیک تۆک" لەلایەن کەسانی چەکدارەوە ڕفێندرا کە پێدەچێت سەر بە گروپە جیهادییەکان بن لە باکووری مالی، ئەوان تۆمەتباریان کردووە بەوەی "سوپای لە جوڵەکانیان ئاگادارکردووەتەوە".

 

یەکێک لە خزمەکانی ڕوونی کردەوە، کە ڕۆژی دواتر بە ماتۆڕسکیلەوە بردیانە تۆنکا، لەوێ لە گۆڕەپانی سەربەخۆیی لەبەردەم هاوڵآتیانێکی زۆردا تەقەیان لێکردووە.

 

ئەم تاوانە لە کاتێکدایە کە پێشێلکارییەکان زیاتر دەبن و ژنان و چالاکوانان لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت لە مالی دەکرێنە ئامانج، هەروەها شەرمەزارکردنی بەرفراوانی کۆمەڵگەی ناوخۆیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.

 

مریەم سیسیە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەتی شاری تۆنکا لە ناوچەی تیمبوکتو لە باکووری مالی ناسرابوو، نزیکەی ٩٠ هەزار بینەری هەبوو، هەروەها ڕفێنەرەکانی تۆمەتباریان کرد بە "هاوکاری" لەگەڵ سوپای مالی.

 

هەواڵی مردنی شەپۆلی شۆکی بەناو دانیشتووانەکەدا نارد، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دۆخێکی سیاسی و ئاسایشی پشێوی وڵاتەکە لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنێکی سەربازیدا ڕووبەڕووی یاخیبوونێکی چەکداری بەردەوام بووە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە.

 

ئەم ڕووداوە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی پێشێلکارییەکانە لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانی گشتیی هاوڵاتیان سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی ئاسایشی و مافەکانی مرۆڤ پەرەی سەندووە.