ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: یادەوەری غوربەتلی ڕێنیشاندەرە بۆ هەموومان
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی بۆ خەڵاتی غوربەتلی ئەرسۆز ناردو وتی: یادەوەری غوربەتلی ڕێنیشاندەرە بۆ هەموومان، ڕووناکییەکەی ڕێگای ڕاگەیاندنی ئازاد ڕووناک دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی ئاراستەی خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی ژن غوربەتلی ئەرسۆز کرد کە بۆ یەکەمین جار لەمساڵدا بەڕێوەدەچێت.
ڕێبەری گەلی کورد ڕایگەیاند، یادەوەری غوربەتلی ئەرسۆز ڕێنیشاندەرە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی ئێمەیە یادەوەرییەکانی غوربەتلی بە زیندووی بهێڵینەوە.
پەیامەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەمشێوەیەیە:
“سڵاو لە هەمووتان
سڵاو لەم مەراسیمە پڕمانایە دەکەم کە ئەمڕۆ لێرە بۆ ڕێزلێنان لە غوربەتلی ئەرسۆز ئەنجام دەدرێت. دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا کە غوربەتلی بناسم؛ بەسەربردنی کات لەگەڵیدا و گوێگرتن لە بیرکردنەوەکانی و شایەتحاڵی بە ئیرادەی ئەو بۆ تێکؤشان جێپەنجەیەکی گەورەی لەسەر ژیانم بەجێهێشت. هەمیشە دەمویست کاتێکی زیاتر لەگەڵیدا بەسەربەرم. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە زۆرترین پەشیمانیم لێی هەیە.
تا ئێستاش ئەو ساتەم لەبیرنەکردووە کە ماڵئاواییم لێکرد. وەک چۆن ماڵئاواییم لە کەمال پیر لە مێشکمدا زیندوو دەمێنێتەوە، بەهەمان شێوەش ماڵئاواییم لە غوربەتلی لە مێشک و دڵمدا دەژی. بۆیە یادەوەری غوربەتلی ڕێنیشاندەرە بۆ هەموومان.
بڕیارداری و ئیرادە و تێکۆشانی ئەو بۆ ژیانێکی ئازاد بەرپرسیارێتییەکە لەسەر هەموو کەسێک. ئەرکی هەموومانە کە یادەوەری غوربەتلی بە زیندووی بهێڵینەوە و بیرۆکە و تێکۆشانی بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازینەوە.
ئەمڕۆ جارێکی تر بە ڕێز و بیرکردن و حەسرەتەوە یادی دەکەمەوە. ڕووناکی ئەو ڕێگای ڕاگەیاندنی ئازاد ڕووناک دەکاتەوە.
عەبدوڵا ئۆجالان
دوورگەی ئیمرالی”