نەسرین سەتوودە و عالیە مەتلەب زادە: بەرپرسانی زیندانی قەرچەک پێیانوایە ژنانی زیندانەکە شایەنی خراپ مامەڵەکردنن
نەسرین سەتوودە و عالیە مەتلەب زادە، چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران ڕایانگەیاند، هێشتنەوەی ژنان لە زیندانی قەرچەک جۆرێکە لە تۆڵەسەندنەوە لە ژنان، بەرپرسانی زیندانەکە پێیانوایە ژنانی زیندانەکە شایەنی خراپ مامەڵەکردنن.

ناوەندی هەواڵ
نەسرین سەتوودە داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و عالیە مەتلەب زادە سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی زیندانی قەرچەکی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی فەردا زانیارییان خستەڕوو.
نەسرین سەتوودە کە ماوەیەک لە زیندانی قەرچەک زیندانیی کرابوو و ڕایگەیاند، ئەم زیندانە بۆ مانەوە شیاو نییە، پێشتر هەوڵی باشترکردنی بارودۆخی زیندانییەکە دراوە بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت زیندانی قەرچەک دابخریت. هێشتنەوەی ئەو زیندانیانە لە زیندانی قەرچەک جۆرێکە لە تۆڵەسەندنەوە لە ژنان، کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی”دا هەبووە.
هەروەها عالیە موتەلەب زادە که چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەند زیندانییەکی پێشووی زیندانی قەرچەک کردووە، وتی، زۆربەیان گلەییان لە بوونی دووپشک و مار لەم زیندانەدا کردووە، بەرپرسانی دادوەری و بەرپرسانی زیندان و کارمەندانی پزیشکی زیندانەکە هیچ ڕێزێک لە زیندانیانی ژن ناگرن و پێیانوایە ژنانی زیندانەکە شایەنی خراپ مامەڵەکردنن.
هاوکات، لە کاردانەوەیەکدا ١٥٠ زیندانیی پیشوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش، ئیدانەی کوشتنی سیستماتیکی زیندانیان لە قەرچەک کرد و داوای داخستنی زیندانەکە دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای مردنی ژمارەیەک زیندانی لە زیندانی قەرچەک بانگەوازی نوێ بۆ داخستنی زیندانییەکە کرا، کە بەرپرسانی زیندانەکە لە ژێر سزاکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپادایە، هەروەها دوایین قوربانی سومەییە ڕەشیدی، چالاکوانی مەدەنی و زیندانی سیاسی بوو، کە لە ٢٤ی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.