مەترسی لەسەر ژیانی ژنانی ڕاگیراو لە زیندانی قەرچەک هەیە

١٣٠ ژنە زیندانیی لە زیندانی قەرچەک ڕووبەڕووی برسێتی و بێڕێزی دەبنەوە و لە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکان بێبەشکراون و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی زیندانی سیاسی ناو زیندانی ژمارە ٨ـی زیندانی قەرچەکی وەرامین، کە بە "بەندی ئەمنییەت" ناسراوە، ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەربڵاو بوونەتەوە لە دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکان، پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکانیان، حەوشەی هەواهەڵمژین و مافە بنەڕەتییەکانی تریان؛ بارودۆخێک کە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ڕەچاوکردنی مافەکانی بەندکراوان لەم زیندانەدا زیاتر کردووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی دەنگی دەستبەسەرکراوانی ئێران، ژنانی ناو زیندانی قەرچەک لەوپەڕی خراپی دۆخی ڕاگرتندان، کە بە نزیکەیی جۆرێکە لە هەوڵ بۆ کۆمەڵکوژکردن لە ڕێگەی بێبەشکردنیان لە مافەکانیان.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی زیندانی قەرچەک فشارەکانیان بۆ سەر ژنانی بەندکراوی سیاسی لە بەندی هەشت زیاتر کردووە. لەم بەندەدا کە تەنیا چوار ژووری هەیە و بۆ ٩٦ کەس گونجاوە، لە ئێستادا نزیکەی ١٣٠ ژنی تێدا ڕاگیراوە کە دۆخێکی یەکجار قەرەباڵغی دروستکردووە.

 

ئەم بەندکراوانە بە تەواوی لە چوونە حەوشەی هەواهەڵمژین، ئەنجامدانی وەرزش و لێنانی خواردنی تایبەتی بێبەش کراون و ناچار کراون تەنیا ئەو خۆراکە کوالێتی نزم و خراپە بخۆن کە کارگێڕیی زیندانەکە دابینی دەکات. جگە لەوەش، تەنانەت چوون بۆ دەستشۆریش بە ئازادی نییە و دەبێت بە هاوڕێیەتی پاسەوانەکان بێت، هاوکات پەیوەندی تەلەفۆنیان لەگەڵ خێزانەکانیان بۆ تەنیا ١٠ خولەک لە ڕۆژێکدا کورت کراوەتەوە.