مەهواش: سزاکەی پەخشان عەزیزی نایاساییە
مەهواش "سایە" سەیدال، زیندانی سیاسی و خاوەنی دکتۆرای یاسای نێودەوڵەتی، نامەیەکی کراوەی بۆ سەرۆکی دەزگای حکومڕانی ئێران نارد، داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و پێداچوونەوەی گشتی و سەربەخۆ بە سزاکەی کرد.

ناوەندی هەواڵ
مەهواش "سایە" سەیدال دووپاتی کردەوە کە ئەو سزایەی کە لە دژی پەخشان عەزیزی دەرچووە، شەرعیەتی یاسایی نییە، بەو پێیەی نە چەکی هەڵگرتووە، نە بەشداری لە هیچ چالاکییەکی چەکداریدا هەبووە، جێبەجێکردنی سزایەکی لەو شێوەیە فشارەکان لەسەر مافەکانی مرۆڤ چڕتر دەکاتەوە.
مەهواش "سایە" سەیدال، بەندکراوی سیاسی و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی، لە نامەیەکدا ئاڕاستەی بەرپرسی دەزگای حکومڕانی ئێرانی کرد، جەختی لەوە کردەوە کە سزای لەسێدارەدان کە لە دژی پەخشان عەزیزی،چالاکوان دەرچووە، نایاساییە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی و پێداچوونەوەی گشتی و سەربەخۆی کرد.
لە نامەکەدا هاتووە: وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی یاسایی وڵات، لە کاتێکدا ئێستا لە زیندانی ئێڤین، لە پابەندبوون بە بنەمای یاسایی و فەقهییەکان و نێودەوڵەتییەکان، بە ئەرکی ئەخلاقی و پیشەیی خۆم دەزانم ئەم نامەیە بنووسم بۆ بەرگریکردن لە مافی ژیان و دادپەروەری سەبارەت بەو سزایەی کە بەسەر پەخشان عەزیزی، چالاکواندا سەپێنراوە، بەبێ گوێدانە هەر جیاوازییەکی سیاسیی هەبوو.
بەپێی مادەی ٢٨٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی بۆ ئەوەی کردەوەیەک بە تاوانی "بەغی" هەژمار بکرێت، دەبێت ڕاپەڕینێکی چەکداری دژ بە یاسا لەخۆبگرێت. بەڵام لە کاتی دەستگیرکردنی پەخشان عەزیزی هیچ چەکێکی هەڵنەگرتووە، هەڕوەها هیچ مەشقێکی سەربازی و تێوەگلانی له هیچ چالاکییەکی چەکداریدا نەبووه .
بەڵگەنامەکانی کەیسەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە پەخشان عەزیزی لە ساڵی ٢٠١٤دا گەشتی ناوچەی ڕۆژئاوای لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە، بۆ ئەوەی هاوکاری مرۆیی پێشکەش بەو پەنابەرە کوردانە بکات کە تووشی هێرشی داعش بوون. لەسەر بنەمای فیقهییەکان، لەوانەش ئەو یاسایەی کە "ئەگەر گومان هەبێت، مرۆڤ دەبێت سنوورەکان پاڵ بنێت"، دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەبێ بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەر سروشتی چەکداری چالاکییەکەی، شەرعیەتی یاسایی و فەقهەی نییە.
پەیوەستبوونی پەخشان عەزیزی بە گروپە چەکدارە جیاوازەکانەوە، بەبێ ئەوەی بەڵگەی یاسایی یەکلاکەرەوە پێشکەش بکات، پێشێلکردنی بنەمای "بەڵگە لەسەر تاوانبار"، گومان دەخاتە سەر شەرعیەتی دادگاییکردنەکە، تێکدانی بناغەکانی دادپەروەری تاوانکاری. بەرپرسیارێتی تاوانکاری دەبێت بە بەڵگەی ڕوون، تاکەکەسی جێگیر بکرێت نەک بە گریمانە یان تۆمەتی پشتیوانی نەکراو.
جگە لەوەش، پرۆتۆکۆڵە زیادەکانی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ پارێزگارییەکی تایبەت بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری دەکەن، کە ئاراستەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە جێناکۆکەکان دەکرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە پۆلێنکردنی ئەو جۆرە چالاکییانە وەک تاوان لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا ناتەبایە. لە ئەنجامدا هەر دادگاییکردنێک کە پابەند نەبێت بەم ستانداردانە، نیگەرانییەکی ڕاستەقینەیە لەبارەی پابەندبوونی بە دادپەروەری و مافە یاساییە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان دەوروژێنێت.
جێبەجێکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە، لە نەبوونی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەدا، فشارەکانی مافی مرۆڤ توندتر دەکات، تێچووی سیاسی، دیپلۆماسی زیاد دەکات، بێ متمانەیی گشتی بڵاودەکاتەوە، بەتایبەتی لە ناوچە نەتەوەییەکان.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوە داوا لە بەرپرسی دەزگای حکومڕانی ئێران دەکەم کە ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بگرێتەبەر، لە ڕێگەی پێداچوونەوەیەکی سەربەخۆ و شەفافەوە کە لە لایەن لیژنەیەکی بێلایەنەوە ئەنجام دەدرێت، بە دۆسیەکەدا بچێتەوە. پێویستە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بۆ دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئاشکرا بکرێت، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ئەم بڕیارە دوورە لە جیاکاری یان پاڵنەرێکی سیاسی.
ئەم داواکارییە تەنیا لە بەر بەرپرسیارێتی زانستی و ئەخلاقی و پیشەییە، بۆ بەرگریکردن لە بنەما بنەڕەتییەکان کە مافی ژیان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەری ڕەوا و یاسایی گەرەنتی دەکەن، بەبێ گوێدانە هەر تێڕوانینێکی سیاسی و کەسی.