ماڵی ژنانی ڕۆژئاوا هەڵمەتی پەروەردە بەڕێوەدەبات
ماڵی ژنانی ڕۆژئاوا هەڵمەتێکی پەروەردەی بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردن لەناو دامەزراوەکاندا دەستپێکرد، بەشداربووانی پەروەردە ڕایانگەیاند کە هەر تاکێک ماڵی ژنان بە ماڵی خۆی دەزانێت.

ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- ماڵی ژنانی ڕۆژئاوا ڕۆژی ١٨ی ئایار، لە قامیشلۆ و حەسەکە بە ئامانجی پێشخستنی ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی، هەڵمەتێکی پەروەردەیی دەستپێکرد.
هەڵمەتەکە ٢٠ ناوچەی بە ئامانج وەرگرت و دەستیکرد بە پەروەردەی ژنانی ئەندامانی دامودەزگاکانی ئەوێ. هەروەها خولێکی پەروەردە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە شاری حەسەکە کرایەوە، کە تێیدا ٦٢ ئەندامی ماڵی ژنان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شارەکە، کامپی سەرێکانی و واشۆکانی بەشداریان کرد، ئەم پەروەردەیە بابەتەکانی وەک پەیڕەوی ناوخۆی ماڵی ژنان و کۆنگرەی ستار، یاسای ئەنجومەنی دادپەروەری ژنان و یاسای خێزان دەگرێتەوە.
ئەو ژنانەی بەشدارییان لە پەروەردەی ماڵی ژنان کردبوو، بۆچوونی خۆیان بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی.
"شوێنی پاراستنی مافەکانی هەموو تاکێک کۆمەڵگەیە"
نورە عومەر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ماڵی ژنان لە شاری حەسەکە ڕایگەیاند کە ئامانجی هەڵمەتی پەروەردە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانە وتی: ئەم هەڵمەتە ماوەی مانگێکە لەسەر ئاستی کانتۆنی جزیرە دەستی پێکردووە، ئامانج لەم پەروەردەیە بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە لە دامەزراوەکاندا کاردەکەن ئاشنا بن بە ڕێسا ناوخۆییەکانی ماڵی ژنان و کۆنگرەی ستار و یاسای خێزان، بە مەبەستی باشتر بەڕێوەبردنی کار و چالاکییەکانیان، یاسا کە پێشتر بە یاسای ژنان ناسرابوو، بە پێویست دادەنرا بۆ ئەوەی ببێتە یاسای خێزان، چونکە هەموو تاکێک لە کۆمەڵگددا بینی کە ئەم یاسایە مافەکانی خۆی دەپارێزێت هەموو کەسێک ماڵی ژنان وەک ماڵی خۆی دەبینێت و وەک شوێنێک بۆ پاراستن و گەیشتن بە مافەکانی پێناسەی دەکات.
"ژنی سووریا ماف و ڕۆڵی خۆی لە ماڵی ئەشتارۆت دۆزیەوە"
کاترین لۆل، ئەندامی ماڵی ژنانی ئەشتارۆت جەختی لە گرنگی بەشداریکردن لە پەروەردەدا کردەوە و وتی: پەروەردە بۆ گەشەپێدانە و ڕێگایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. ئێمە کە ٥ کەس لە ماڵی سریانی ئەشتارۆت بەشداریمان لە خولی پەروەردەدا کرد،پێویستمان بەم پەروەردەیە بوو بۆ ئەوەی خۆمان لە بواری پەیڕەو و یاسای بنەماڵەدا بەهێزتر بکەین و ببینە هێزێک بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کێشە و کەیسانەی کە دێنە ماڵی ئەشتارۆت، هەروەها ناسینی یاسای بنەماڵە بۆ کۆمەڵگە زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە ئەم یاسایە بناسێت و بەپێی ئەو یاسایە مامەڵە بکات، ژنی سووری دانی بە ماف و ڕۆڵی خۆیدا ناوە لەم ماڵەدا و دەتوانێت وەڵامی ئەو کەیسانە بداتەوە کە سەردانی ماڵەکە دەکەن بەو پێیە.